دوو هاوژینی سویسری 4770 کیلۆمەتریان بە پاسکیل بڕیوە بۆ گەیشتن بە باکووری کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
دوو هاوژینی سویسری بە پاسکیل پێنج مانگە گەشتێکیان دەستپێکردووە و دەیانەوێت سرووشت و دیمەنی چەندین وڵاتی جیاواز ببینن، تاوەکو ئێستا چوار هەزار و 770 کیلۆمەتر رێگەیان بڕیوە و ئێستا لە باکووری کوردستانن، دوای ئەوەش دەچنە ئێران، ئیمارات و عوممان.
ئەو دوو هاوژینە سویسریە بڕیاریانداوە، بە شێوازێکی جیاواز گەشتێکی درێژخایەن بۆ نێو سرووشت و جوانییەکانی چەندین وڵاتدا بکەن.
کڵاودیا و جەیسن، پێنج مانگە بە لێخووڕینی پاسکیل لە وڵاتەکەیانەوە بەڕێکەوتوون. بە هەر وڵاتێکدا تێپەڕیبن، چەندین رۆژ تێیدا ماونەتەوە بۆ ئەوەی چێژ لە جوانیی سرووشتەکەی و ئاشنای شوێنەوارە مێژووییەکانی ببن.
جەیسن دیمیتراتۆس، گەشتیارێکی سویسریە و دەڵێت، "دوای بڕینی نزیکەی پێنج هەزار کیلۆمەتر گەیشتینە شارۆچکەی بازید لە باکووری کوردستان. لێرە بەفر دەبارێت، بۆیە بڕیارمانداوە ئەمشەو لە هۆتێل بمێنینەوە و دواتر بەردەوام دەبین."
ئەو دوو هاوژینە دەڵێن، گەشتەکەیان درێژخایەن و زەحمەتە، لە رێگەدا زۆر ماندوو دەبن و هەندێکجار بەهۆی بێتوانایی و نەخۆشکەوتنیانەوە ناچار دەبن چەند رۆژێک لە یەک شوێندا بمێننەوە.
سەرما و سۆڵە و خراپیی کەشوهەواش کاریگەریی لەسەر گەشتەکەیان هەبووە. کلاودیا ورمستێتەر، گوتی، "هاتووین بۆ ئەوەی بچینە سەر چیای ئارارات. نازانم دەتوانین بگەینە سەر لووتکەی چیاکە یان نا؟ لەوێ بەفرێکی زۆر باریوە و رێگەکانیش بەستوویانە. بەڵام زۆر حەزدەکەین ئەوێ ببینین. ئێرە شوێنێکی زۆر دڵگیرە، خەڵکی باکووری کوردستان زۆر باش و میواندۆستن. ئەم شارەم خۆشدەوێت."