ناسا پەیوەندی لەگەڵ کەشتییە ئاسمانییەکەی سەر مەریخ پچڕاوە


رووداو دیجیتاڵ 

ناسا ئاشکرای کرد کە پەیوەندی لەگەڵ کەشتیی ئاسمانیی "ماڤێن - MAVEN" پچڕاوە. ئەم کەشتییە یەکێکە لەو حەوت کەشتییەی کە ئێستا بە دەوری مەریخدا دەسوڕێنەوە.
 
بەگوێرەی دواین زانیارییەکان، ئاژانسەکە نەیتوانیوە پەیوەندی بە کەشتییەکەوە بکاتەوە و لە 4ی کانوونی یەکەمەوە هیچ نیشانەیەکی لە کەشتییەکەوە وەرنەگرتووە. خراپتر لەوەش، دەرکەوتووە کە ماڤێن "بە شێوەیەکی جڵەونەکراو و چاوەڕواننەکراو دەسوڕێتەوە"، ئەمەش وادەکات هەوڵەکانی داهاتوو بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی زۆر قورستر بێت.
 
ناسا دەڵێت: "تیمەکە بەردەوامە لە شیکردنەوەی داتاکان بۆ ئەوەی تێبگەن چی بووەتە هۆی لەدەستدانی پەیوەندی. هەوڵەکان بۆ پەیوەندیکردنەوە بە ماڤێن بەردەوامن."
 
ئەمە هەواڵێکی ناخۆشە بۆ ئاسمانەوانان، لەبەرئەوەی کەشتییەکە یارمەتیدەر بوو لەوەی ناسا بتوانێت لەگەڵ ئەو گالیسکەیانە لە پەیوەندیدا بمێنیتەوە کە ئێستا لەسەر رووی مەریخ دەگەڕێن. 
 
هەروەها ئەم کەشتییە زانیاری زۆر بەنرخی لەسەر بەرگەهەوای مەریخ و کاریگەری تەنۆلکەکانی خۆر لەسەری دابین دەکرد، ئەوانەش لێکۆڵینەوەی سەرەکی بوون بۆ تێگەیشتن لەوەی چۆن ئەو هەسارەیە بووەتە ئەم بیابانە وشک و بێ ژیانەی ئەمڕۆ.
 
لە رووی تەکنیکییەوە، وەک بەشی ئەڵمانیای رێکخراوی AMSAT بۆ پەیوەندییە رادیۆییەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە: "ماڤێن هێشتا زیندووە و لە رێگەی ئەنتێنە کەم هێزەکەیەوە شەپۆل دەنێرێت. ئاماژەکە لە وێستگەی بۆخۆم لاوازە، بەڵام ماڤێن ئێستا پەیوەندی لەگەڵ تۆڕی قوڵایی بۆشایی ئاسمان لە مەدرید هەیە."
 
رێکخراوەکە دەشڵێت: "هیوادارین بتوانن بە تەواوی کەشتییەکە چاک بکەنەوە."
 
ئێستا کە سیگناڵەکە نەماوە، ناسا "کار دەکات بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەم کێشەیەی ماڤێن لەسەر کاری هەردوو گالیسکەی پێرسێڤێرانس و کیریۆسیتی."
 
هەواڵی خۆشیش ئەوەیە جێگرەوە هەیە. ماڤێن یەکێکە لە چوار کەشتیی خولگەیی کە دەتوانن وەک پردی پەیوەندی لە نێوان زەوی و گالیسکەکانی سەر رووی مەریخ کار بکەن.
 
ناسا رایگەیاندووە: "کەشتییەکانی مێرس ریکۆنیسێنس و مێرس ئۆدێسیی سەر بە ناسا و ئێکسۆ مێرسـی سەر بە ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەورووپا، هەموویان کار دەکەن."
 
بەهۆی لەکارکەوتنی ماڤێن، ئاژانسەکە ئامادەکاریی کردووە بۆ وەرگرتنی "پەیوەندی زیاتر لە کەشتییەکانی دیکەوە" و، تیمەکانی سەرپەرشتی گالیسکەکان "بەرنامەی رۆژانەیان دەستکاری کردووە بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە ئەرکە زانستییەکانیان."
 
ئەمە یەکەم جار نییە ماڤێن لەکار دەکەوێت. لە ساڵی 2022، زانایان ناچاربوون کەشتییەکە بخەنە دۆخی "پارێزراو" (Safe mode)ـەوە دوای ئەوەی هەستەوەرەکانی تووشی کێشە بوون، بەڵام ئەو کاتە ناسا توانی دوای کەمتر لە سێ مانگ کەشتییەکە چاک بکاتەوە.