گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بۆ رووداو: چاوەڕێی چالاکی کاریگەرین لە بەرهەم ساڵح

رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بە رووداوی راگەیاند، کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران رۆڵێکی کاریگەر لە چارەسەرکردنی کێشەکان لە بواری کۆچدا دەگێڕێت و چاوەڕێ دەکەن لەژێر سەرکردایەتی کۆمیسیاری نوێدا کارەکانی کۆمیسیۆنەکە کاریگەر بن.
 
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە وەڵامی پرسیارەکانی نیاز مستەفا، ئیدیتۆر لە بەشی نێودەوڵەتی رووداو سەبارەت بە دیاریکردنی بەرهەم ساڵح، وەکو کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران رایگەیاند، "ئێمە پێمانوایە لە کاتی بەربژێرکردنی کەسێک بۆ پۆستێکی وەها بەرپرسیارانە کە رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە چارەسەرکردنی کێشەکان لە بواری کۆچی زۆرەملێدا پێش هەموو شتێک لێهاتوویی پیشەیی، زیرەکی و ئەزموون لەبەرچاو دەگیرێن". دەشڵێت، "وەک ئەوەی زانراوە، عێراق لە نزیکەوە ئاشنای کێشەکانی پەنابەرانە. بۆ چەندین دەیەیە، ئەم دەوڵەتە رووبەڕووی ئاوارەبوونی بەرچاوی دانیشتووان بووەتەوە، چ لە ناوخۆی وڵات و چ لە دەرەوەی سنوورەکانی".
 
بەرهەم ساڵح لە 2018 بۆ 2022 سەرۆککۆماری عێراق بووە. لەو کاتەشدا عێراق سەدان هەزار ئاوارەی ناوخۆیی، هاونیشتمانی رۆژئاوای کوردستان و هاووڵاتیی سووری لەخۆگرتبوو. هەروەها، بەشێکی زۆری ئەو ئاوارانەش لە هەرێمی کوردستان بوون. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا گوتی، "لەم رووەوە، ئێمە چاوەڕوانین کە لە ژێر سەرکردایەتی بەرهەم ساڵح، کۆمیساری نوێی باڵادا، چالاکییەکانی UNHCR بە شێوەیەکی کاریگەر بەڕێوەبچن. ئەم چالاکییانە بەتایبەتی لە کاتی قەیرانە مرۆییەکان و کارەساتەکان لە وڵاتان و ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا زۆر پێویستن. هەموو ئەمانەش لەسەر بنەماکانی بێلایەنی، مرۆڤایەتی، سەربەخۆیی و دادپەروەری دەکرێن."
 
د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق شەوی رابردوو بە فەرمی رایگەیاند، پۆستی کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR)ی وەرگرتووە. ئەو دەڵێت، بۆ خۆی رۆژگارێک پەنابەر بووە و دەزانێت چۆن پارێزگاری و هاوکاری دەتوانن ژیانی مرۆڤ بگۆڕن.
 
پەیوەندیی رووسیا و دەسەڵاتی نوێی دیمەشق
 
سەبارەت هاوئاهەنگییەکانیان لەگەڵ سووریا بەتایبەت دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر رووخانی حکومەتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا و پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ لەو وڵاتەدا، زاخارۆڤا گوتی: "بەرژەوەندیی هاوبەشمان هەیە لە دەستپێکردنەوەی هاوئاهەنگییە سوودبەخشە دوولایەنەکان بەژمارەیەک مەرجی نوێوە کە لە کۆبوونەوەی 15ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵیش لە نێوان ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریادا گفتوگۆیان لەبارەوە کرا". 
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا جەختی کردەوە، لە کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ بەرپرسانی سووریا، هێڵە گشتییەکانی کارە هاوبەشەکانی داهاتوویان دیاریکردووە. بە گشتی، گفتوگۆکان بە بەشداریی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و کاراکتەرە ئابوورییەکانی هەردوو وڵات لە چەندین بواردا بەردەوامن
 
رووسیا یەکێک بوو لە پاڵپشتیکارانی رژێمی بەشدار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لە ماوەی شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتەدا، دوای رووخاندنی حکومەتەکەشی، ئەسەد و ماڵباتەکەی روویان لە رووسیا کرد.