ئەمریکا سزای بەسەر دوو دادوەری دیکەی دادگەی نێودەوڵەتیی تاواندا سەپاند
رووداو دیجیتاڵ
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سزای بەسەر دوو دادوەری دیکەی دادگەی نێودەوڵەتیی تاواندا (ICC) سەپاند؛ ئەوەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەشداریکردنیان لە دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل.
ئەم هەنگاوە نوێیەی واشنتن لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی فراوانتردایە بۆ گوشارخستنە سەر ئەو دادگەیەی بنکەکەی لە لاهایە، دوای ئەوەی لە تشرینی دووەمی 2024، دادوەرانی ICC فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یۆئاڤ گالانت، وەزیری پێشووتری بەرگریی ئەو وڵاتە دەرکرد، بە تۆمەتی"تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی" لە غەززە.
مارکۆ رووبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، واشنتن سزای بەسەر هەریەک لە دادوەر "گۆچا لۆردکیپانیدزێ"ی جۆرجی و "ئیردینیبالسورێن دامدینی" مەنگۆلیدا سەپاندووە.
رووبیۆ جەختی کردەوە کە ئەو دوو دادوەرە "راستەوخۆ بەشدارییان کردووە لە هەوڵەکانی دادگەکە بۆ لێکۆڵینەوە و دەستگیرکردنی هاووڵاتییانی ئیسرائیل، بەبێ رەزامەندیی ئیسرائیل." گوتیشی: "ئەم دادگەیە بەردەوامە لە کردەوەی سیاسی کە ئیسرائیل دەکاتە ئامانج، ئەمەش پێشینەیەکی مەترسیدارە و ئێمە رێگە بە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی نادەین."
بەپێی زانیارییەکان، ئیدارەی ترەمپ تاوەکو ئێستا سزای بەسەر نۆ دادوەر و داواکاری گشتیی ICCدا سەپاندووە، لەنێویاندا کەریم خان، داواکاری گشتیی دادگەکە و دوو جێگرەکەی.
واشنتن هەڕەشەی ئەوەش دەکات ئەگەر دادگەکە تۆمەتەکانی سەر سەرکردە ئیسرائیلییەکان نەکشێنێتەوە، تەواوی دامەزراوەکە دەخاتە لیستی سزاکانەوە.
جگە لە دۆسیەی ئیسرائیل، واشنتن داوا دەکات ICC بە فەرمی کۆتایی بە لێکۆڵینەوەکان لەبارەی کردەوەکانی سەربازانی ئەمریکا لە ئەفغانستان بهێنێت و گۆڕانکاری لە پەیڕەوی ناوخۆیدا (پەیماننامەی رۆما) بکات، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا نەتوانێت لێکۆڵینەوە لەگەڵ ترەمپ، بەرپرسانی ئەمریکی و وڵاتانی هاوپەیمانی بکات.
سزاکانی ئەمریکا تەنیا قەدەخەی گەشتکردن و بلۆککردنی سەروەت و سامان ناگرێتەوە، بەڵکو ئەو دادوەرانە لە سیستەمی بانکیی جیهانیش دادەبڕێت، بە جۆرێک بەکارهێنانی کارتی بانکی و مامەڵە داراییە رۆژانەکانیان و تەنانەت کڕینی ئۆنلاینیشیان لێ مەحاڵ دەکات.