لە پاریس ژنێکی گەڕاوە لە کەمپی هۆل بە 10 ساڵ زیندانی سزادرا
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تاوانەکانی پاریس، سزای 10 ساڵ زیندانی بەسەر ژنێکی فەرەنسیدا سەپاند کە لە کەمپی هۆلەوە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا گەڕابووەوە وڵاتەکە؛ سزاکە بەرامبەر ئەندامبوونیەتی لە داعش دا.
دادگەیی کارۆڵ سون، سێ رۆژت خایاند تۆمەتی پشتیوانی لە " چەتەی شەڕانگێز و تیرۆرست"ـی درابووە پاڵ، دادگەکە بڕیاریدا بە سزادانی ئەو فەرەنسییە بە بەندکردن بۆ 10 ساڵ و دابینکردنی چارەسەر لە زینداندا.
کارۆڵ سون لە تەمموزی 2014 لە تەمەنی 18 ساڵیدا چووبووە سووریا، هێزەکانی سووریای دیموکرات لە کانوونی یەکەمی 2017 ئەو فەرەنسییەیان لەکاتی شەڕی داعش و سەرکەوتن بەسەر رێکخراوەکەدا دەستگیرکرد.
ئەو لە تەمەنی 30 ساڵیدا لە 5ـی تەمموزی 2022 گەڕایەوە فەرەنسا، لەگەڵ یەکەم کاروانی گەڕانەوەی منداڵ و ژنانی دەستی داعش لە کەمپی هۆلەوە بۆ وڵاتەکانیان نێردرایەوە بۆ فەرەنسا.
لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە، ئەو ژنە فەرەنسییە لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کەوتووەتە ژێر کاریگەریی پروپاگەندەکانی داعش، ئەو لە گوتەکانیدا رایگەیاندووە هۆکاری چوونی بۆ نێو داعش ئەو " شۆکە دەروونییە" بووە لە ژیانیدا تووشی هاتووە، لەوانە دەستدرێژی بە کۆمەڵ لە تەمەنی 14 ساڵیدا.
دادگەی پاریس رایگەیاندووە: "تاوانبار لەخێزانێکی نەریتخوازی مەسیحی لە دەوروبەری پاریس گەورە بووە، لەماوەی مانەوەی لە سووریا پەیوەندی لەگەڵ هەندێک کەس هەبووە کە بە دڕندە ناسراون، یان لە بەرەکانی شەڕدا بۆ داعش شەڕیان کردووە، ژمارەیەک لەوانە پلاندانەر و جێبەجێکاری هێرشەکەی 13ـی تشرینی دووەمی 2015 بوون".
لەنێو ئەو کەسانەی دادگە ناوی هێناون، سەڵاحەدین گیتۆن، کارۆڵ لە فەیسبووکەوە سەڵاحەدینی ناسیوە و خۆی لە دانپێدانانەکانی دەڵێ "کەشخە و بەبەزەیی بوو"، شووی پێکردووە و چوونەتە سووریا، بەڵام هاوسەرگیرییان تەنیا 10 رۆژ بەردەوام بووە، چونکە گیتۆن لە شەڕدا کوژراوە.
ئەو ژنە فەرەنسییە بۆ جاری دووەم لەنێو داعش هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێک کردووە لە هەواڵگری رێکخراوەکە، لە نامەیەکدا ئەوکات بۆ دایکی نووسیوە، هاتووە: "هاوژینەکەم خیانەتکاران لەنێودەبات، لە عێراق دەستگیرکراوە".
ژنانی فەرەنسی یەک لەسەر سێی کۆی ئەو فەرەنسییانەیان پێکدەهێنا چوونە نێو داعش، نزیکەی 1500 فەرەنسی چووبوونە ریزی رێکخراوەکە لە عێراق و سووریا، تاوەکو ئێستا 160 کەس لەوانە گەڕێنراونەتەوە، لە 2017ـەوە 30 لەو فەرەنسییانەی چووبوونە نێو داعش بەبەندکردن سزادراون و بەشێکیشیان لە دادگەکاندا سزای سووکتریان بەسەردا سەپێنراوە.