لە نۆ مانگدا زیاتر لە 1,400 پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتنی پەرلەمانی ئەڵمانیا نەبوون

رووداو دیجیتاڵ
 
بەگوێرەی شیکارییەکی نوێ، لە مانگی ئاداری ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا، ئەندامانی پەرلەمانی ئەڵمانیا (بوندستاگ) بە رێژەیەکی بەرچاو لە دانیشتنە گشتییەکاندا ئامادە نەبوون، کە زۆرترین ئامادەنەبوونیش لە رۆژانی هەینیدا تۆمارکراوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی "بیڵد ئام زۆنتاگ" کە پشتی بە شیکارییەکی وردی گۆڤاری "پۆلیتیک ئوند کۆمونیکاسیۆن" بەستووە، لە یەکەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمان لە 25-03-2025 تاوەکو ئێستا، 1,424 ئامادەنەبوونی پەرلەمانتاران لە پەرلەمان تۆمارکراوە.
 
ئەم ئامارانە تەنیا ئامادەنەبوونە ئاساییەکان دەگرێتەوە و حاڵەتەکانی وەک مۆڵەتی دایکایەتی، باوکایەتی یان گەشتە فەرمییەکان لەخۆناگرێت؛ ئەمەش بەو مانایەیە کە رێژەی راستەقینەی ئامادەنەبوونەکان لەوەش بەرزترە.
 
شیکارییەکە دەریدەخات کە رۆژانی هەینی زۆرترین رێژەی ئامادەنەبوونی تێدا تۆمارکراوە؛ بە جۆرێک لە هەر دانیشتنێکی رۆژی هەینیدا، بە تێکڕا 41 پەرلەمانتار ئامادە نەبوون. ئەم ژمارەیە زۆر زیاترە لە رۆژەکانی دیکەی هەفتە، بۆ نموونە، لە رۆژانی پێنجشەممەدا تێکڕای ئامادەنەبووان 29 کەس بووە، رۆژانی چوارشەممە 24 و رۆژانی سێشەممە تەنیا 21 پەرلەمانتار ئامادە نەبوون.
 
پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان لە پێشەنگن
 
لەنێو فراکسیۆنەکاندا، پارتی چەپ (Die Linke) بە رێژەی 9.2% زۆرترین ئامادەنەبوونی هەبووە. دوای ئەویش پارتی سەوزەکان بە رێژەی 5.8% و پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا (AfD) بە رێژەی 5.7% دێن. لە بەرامبەردا، پارتە دەسەڵاتدارەکانی وەک پارتی سۆسیال دیموکرات و کریستیان دیموکراتەکان پابەندبوونی زیاتریان نیشانداوە و رێژەی ئامادەنەبوونیان لەنێوان 2.8% بۆ 3.1% بووە.
 
پەرلەمانتارێک زۆرترین جار ئامادە نەبووە
 
لەسەر ئاستی کەسی، سیگارد نۆدڵ، پەرلەمانتاری سەربەخۆ و ئەندامی پێشووی (AfD)، وەک ئەو پەرلەمانتارە دەستنیشانکراوە کە زۆرترین جار ئامادەی دانیشتنەکان نەبووە. نۆدڵ لە کۆی 48 دانیشتنی گشتی، لە 33 دانیشتندا ئامادە نەبووە، کە دەکاتە زیاتر لە دوو لەسەر سێی کۆی دانیشتنەکان.
 
هەروەها ئامارەکان لەسەر ئاستی رەگەز دەریدەخەن کە ژنان بە تێکڕا 2.3 رۆژ و پیاوان 2.1 رۆژ ئامادە نەبوون.
 
ئینا لاتێندۆرف، بەڕێوەبەری پەرلەمانیی پارتی چەپ، بە رۆژنامەی "بیڵد ئام زۆنتاگ"ـی راگەیاند: "هۆکاری سەرەکیی ئامادەنەبوونەکان نەخۆشییە". ئەو هۆکارێکی دیکەشی خستەڕوو کە بریتییە لە "گرتنەئەستۆی کاری چاودێری و پەرستاری لەنێو خێزاندا" لەلایەن هەندێک لە ئەندامانیانەوە. 
 
بە هەمان شێوە، فراکسیۆنی پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا رایگەیاند، هەرچەندە ئاماری وردیان لەسەر هۆکارەکان نییە، بەڵام "ئەزموون دەریخستووە کە ئامادەنەبوونەکان زۆربەیان بەهۆی نەخۆشییەوەن".