دژی پلانی راستڕۆکانی ئەڵمانیا بۆ دەرکردنی کۆچبەران خۆپێشاندان دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بە درووشمی "پێکەوە دژ بە راستڕۆکان"، دەیان هەزار کەس لە شارە جیاجیاکانی ئەڵمانیا لەنێویاندا هامبۆرگ، خۆپێشاندانیان کرد دژی ئەو پلانەی بۆ دەرکردنی کۆچبەران لە وڵاتە دانراون.
گەیزییەن شاینەمان، یەکێکە لە خۆپێشاندەران و دەڵێت، "پارتی ئەی ئێف دی بنەما دیموکراسییەکانی ئەڵمانیا بۆ بیرۆکە دژە دیموکراسییەکانی بەکاردەهێنێت. تەماشای بەرنامەی پارتەکە بکە بە تەواوی دژە کۆچبەر و دژە ئازادییە."
سەرەتای ئەم مانگە پارتی ئەی ئێف دی، پارتی جێگرەوەی ئەڵمانیای دژە کۆچبەر کۆبوونەوەیەکی کرد و تێیدا تاووتوێی پلانێک کرا تایبەت بە دەرکردنی ملیۆنان کۆچبەر و پەناخواز لە ئەڵمانیا.
چەند کەسایەتییەکی راستڕۆی ئەوروپی بەشدارییان لە کۆبوونەوەکە کرد، لەوانەش مارتن سێلنەر، سەرۆکی "بزووتنەوەی ناسنامە" کە پارتێكی راستڕۆی دژە کۆچبەری نەمسایە.
ئۆلاف شوڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، "بەڕوونی و راشکاوانە دەڵێم، راستڕۆکان هێرش دەکەنە سەر دیموکراسییەتمان؛ دەیانەوێت پێکەوەبوونمان لەنێوبەرن؛ لە کۆبوونەوەیەکی نهێنیدا ئەو توندڕۆیانە گەنگەشەی ئەوەیان کردووە ملیۆنان خەڵک لە وڵاتی ئێمە دەردەکەن. ملیۆنان کەس بە پێشینەی کۆچبەری لە ئەڵمانیادا دەژین و ئێمە پێیان دەڵێین ئەڵمانیا وڵاتی ئێوەشە."
بە گوێرەی داتای فەرمی، کۆچبەران و پەنابەران 18٪ـی 83 ملیۆن دانیشتووانەکەی ئەڵمانیا پێکدەهێنن؛ ئەوەش رێژەیەکی زۆرە بۆ راستڕۆکان لەنێویاندا ئەی ئێف دی.
پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا لە 11 ساڵی تەمەنیدا، لە سفر کورسی لە هەڵبژاردنی 2017ـەوە بۆ 94 کورسی لە 2021 بەرزبووەوە و چاوییان لە زیادکردنی کورسییەکانیانە لە هەڵبژاردنی 2025.
بە ئامانجی ئەوەی پێگەی خۆی لە ئۆپۆزسیۆنەوە بۆ دەسەڵات بگۆڕێت، پارتەکە ئەو سیاسەتەی حکومەتی ئەڵمانیا لە ئاست کۆچبەران کە بە نەرم ناودەبات، مامەڵەکردن لەگەڵ کۆچبەران پێچەوانە و تووند بکاتەوە.