ترەمپ پەیامێکی تایبەتی ماکرۆن بڵاودەکاتەوە: 'لەسەر سووریا هاوڕاین'


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ئەمریکا نامەیەکی تایبەتیی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسای بڵاوکردەوە کە بە مۆبایلەکەی بۆی ناردووە. ماکرۆن بە ترەمپی گوتووە، "لەسەر سووریا، ئێمە بە تەواوی هاوڕاین."
 
لە پەیامەکەی ماکرۆندا کە دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ بڵاویکردووەتەوە، ماکرۆن باسی پێکەوەکارکردن لەسەر ئێران دەکات، هاوکات سەرسوڕمانی خۆی لە هەنگاوەکانی ترەمپ سەبارەت بە گرینلاند نیشان دەدات.
 
لەو وێنەیەی ترەمپ بڵاویکردووەتەوە، ماکرۆن بە "هاوڕێکەم" بانگی ترەمپ دەکات و دەنووسێت: "ئێمە بە تەواوی لەسەر سووریا هاوڕاین. دەتوانین لەسەر ئێرانیش کاری گەورە بکەین. من تێناگەم تۆ لەسەر گرینلاند چی دەکەی!"
 
بۆ لێکتێگەیشتن، ماکرۆن پێشنیاز دەکات، دوای کۆتاییهاتنی کۆڕبەندی داڤۆس و گەڕانەوەی سەرکردەکان لە سویسرا، دوای نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە لە پاریس کۆبوونەوەیەکی  گرووپی 7 ئابوورییە گەشەسەندووە دیموکراسییەکە (جی 7) رێکبخات. 
 
سەرۆککۆماری فەرەنسا پێشنیازی کردووە سوورییەکان، ئۆکراینییەکان، رووسەکان و دانیمارکییەکان بانگهێشت بکرێن بۆ بەشداریکردن لە چەند کۆبوونەوەیەکی پەراوێز. 
 
هەروەها بانگهێشتی ترەمپی کردووە بۆ ئێوارەخوانێکی تایبەت لە هەمان رۆژدا لە پاریس، پێش ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ ئەمریکا.
 
پەیامەکە لە کاتێکدایە گرژییەکانی نێوان ئەورووپا و ئەمریکا زیادیان کردووە، بەتایبەتی بەهۆی داواکارییە بەردەوامەکانی ترەمپ بۆ دەستبەسەرداگرتنی گرینلاند کە هەرێمێکی خۆبەڕێوەبەری دانیمارکە، هەروەها بەهۆی هەڕەشەکردن بە زیادکردنی باجی گومرگی لەسەر چەندین وڵاتی ئەورووپی، لەوانە فەرەنسا و دانیمارک.