ئایا پشیلە دەبێتە کلیلی چارەسەری شێرپەنجەی مەمک؟
رووداو دیجیتاڵ
هەبوونی پشیلە لە ماڵدا تەنیا بۆ کەمکردنەوەی گوشار و پاڵپشتیی دەروونی نییە، بەڵکو توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری زانستیی (Science) بڵاوکراوەتەوە ئاشکرای دەکات، هاوڕێیە چوارپێیەکانمان دەکرێت یارمەتیدەر بن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری باشتر بۆ هەندێک جۆری شێرپەنجە لە مرۆڤدا.
پشیلە وەک مۆدێلێکی نموونەیی
لویس ڤان دەر وایدن، توێژەر لە پەیمانگەی (Wellcome Sanger)ـی بەریتانی رایگەیاند، پشیلەکان مۆدێلێکی زۆر باشن بۆ لێکۆڵینەوە، چونکە ئەوان لە هەمان ژینگەی مرۆڤدا دەژین و رووبەڕووی هەمان جۆری پیسبوونی ژینگە دەبنەوە، وەک دووکەڵی جگەرە. هەروەها وەک مرۆڤ کاتێک تووشی شێرپەنجە دەبن، ئەگەری هەیە هاوکات تووشی نەخۆشیی دیکەی وەک شەکرە و دڵیش بن.
دۆزینەوەی جینی FBXW7
تیمێکی نێودەوڵەتیی توێژەران نموونەی لووی شێرپەنجەیی نزیكەی 500 پشیلەیان لە پێنج وڵاتی جیاواز وەرگرت، کە 13 جۆری جیاوازی شێرپەنجەیان هەبوو. ئەنجامەکان نیشانیان دا کە لە زیاتر لە نیوەی ئەو پشیلانەی شێرپەنجەی مەمکیان هەبووە، بۆهێلێکیان (جین) بە ناوی (FBXW7) تووشی گۆڕان بووە.
ئەم جۆرە گۆڕانە لە ژنانیشدا هەیە و هەرچەندە زۆر باو نییە، بەڵام کاتێک روودەدات زۆر تووند و "هێرشبەرە". ڤان دەر وایدن دەڵێ: "پشیلەکان لە رووی بایۆلۆژییەوە مۆدێلێکی زۆر باشن بۆ ئەوەی لە مرۆڤدا دەبینرێت."
دەرفەتێکی نوێ بۆ چارەسەر
تاقیکردنەوەی کلینیکی لەسەر مرۆڤ بۆ ئەم جۆرە گۆڕانکارییە بۆهێلییانە قورسەو چونکە ژمارەی نەخۆشەکان کەمە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە پشیلەدا زۆر باوە، دەتوانرێت دەرمانی نوێ لە نۆڕینگە ڤێتێرنەرییەکاندا لەسەر پشیلە تاقی بکرێتەوە.
توێژەرانی سویسری لە تاقیکردنەوەکانیاندا گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە دوو جۆری چارەسەری کیمیایی کە ئێستا بۆ مرۆڤ و ئاژەڵیش بەکاردێن، زۆر کاریگەرن بۆ ئەو لووانەی بۆهێلی (FBXW7)یان تێدا گۆڕاوە.
سوود بۆ هەردوولا
پرۆفیسۆر هاریکریشنا ناکشاتری لە زانکۆی ئیندیانای ئەمریکا، ئەم ئەنجامانەی بە "سەرنجڕاکێش" وەسف کرد و پێیوایە، ئەم داتایانە یارمەتی زاناکان دەدەن باشتر لەوە تێبگەن کە چۆن پێکهاتە بۆماوەییەکان و هۆکارە ژینگەییەکان کارلێک دەکەن بۆ دروستبوونی شێرپەنجە.
ڤان دەر وایدن لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە ئەمە دۆخێکی "سوود بۆ هەردوولا"یە و گوتی: "ئێمە لە رووی بۆهێلەوە زۆر لە یەک دەچین، ئەوەی لە جۆرێکیاندا فێر دەبین دەتوانرێت بۆ یارمەتیدانی جۆرەکەی دیکە بەکاربهێنرێت."