فڕۆکەخانەیەکی ئەمریکا بەناوی ترەمپەوە دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ویلایەتی فلۆریدا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسایەک درا بۆ گۆڕینی ناوی یەکێک لە فڕۆکەخانەکان بۆ "فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سەرۆک دۆناڵد جەی ترەمپ". 
 
ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی فلۆریدا، کە زۆرینەیان کۆمارین دەنگیان لەسەر پڕۆژەیاسایەک بۆ گۆڕینی ناوی "فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی پالم بیچ" دا. بڕیارە ناوەکەی بکرێتە "فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سەرۆک دۆناڵد جەی ترەمپ". 
 
دوای ئەوەی رۆن دیسانتێس، حاکمی ویلایەتی فلۆریدا پڕۆژەکە واژۆ دەکات، دەبێتە یاسا. 
 
پالم بیچ شارۆچکەیەکی کەناراوییە لە فلۆریدا و فڕۆکەخانەکەشی چەند خولەکێک لە ماڵی ترەمپ لە مار-ئا-لاگۆوە دوورە. گۆڕینی ناوەکە پێویستی بە رەزامەندی دەستەی گواستنەوەی ئاسمانی فیدڕاڵی وڵاتەکە دەبێت. 
 
ئەم فڕۆکەخانەیە یەکەم شوێن نییە بەناوی ترەمپەوە دەکرێت. ئەو دەستەیەی کە ترەمپ بۆ 'ناوەندی کەنەدی' دەستنیشانی کردبوون لە مانگی کانوونی یەکەمدا دەنگیان دا بۆ ئەوەی ناوی ناوەندەکە بگۆڕن بۆ 'ناوەندی ترەمپ-کەنەدی'.
 
بەپێی راپۆرتەکانی میدیای ئەمریکا، ترەمپ هەوڵیشی داوە ناوی وێستگەی 'پێن' لە نیویۆرک و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی 'دۆڵس' لە واشنتن بە ناوی خۆیەوە بنێت، هەرچەندە ئەو هەوڵانە رەتکرانەوە.
 
هەروەها وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئەو راپۆرتانەی پشتڕاستکردەوە کە دەڵێن رەشنووس بۆ دراوێکی ئاسنی 1 دۆلاری ئامادە کراوە، کە وێنەی ترەمپی لەسەر بێت، سەرەڕای ئەوەی یاسا رێگری دەکات لەوەی وێنەی سەرۆکێکی زیندوو یان ئەو سەرۆکەی لەسەر دەسەڵاتە لەسەر دراوەکان دابنرێت."