پەرلەمانتارێکی ئەورووپا بۆ رووداو: دەبێت گەمارۆی سەر کۆبانی بشکێندرێ و هاوکارییەکان بۆ دیمەشق بە مەرج بن
رووداو دیجیتاڵ
یۆناس سیۆستێت، ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا لە پارتی چەپی سوێد، دوای سەردانەکەی بۆ رۆژئاوای کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ دڵنیا رەحمان، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، دۆخی مرۆیی لە شاری کۆبانی گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار.
سیۆستێت ئاماژەی بەوە کرد، شارەکە لەژێر گەمارۆدایە و بەدەست کەمیی ئاو، کارەبا و دەرمانەوە دەناڵێنێت، بۆیە داوای لە حکومەتی سووریا کرد دەستبەجێ ئەو گەمارۆیە بشکێنێت.
سیۆستێت لە دیدارەکانیدا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی و سەرکردایەتیی سیاسی و سەربازیی رۆژئاوا، هاوسۆزیی یەکێتیی ئەوروپای بۆ کورد دووپات کردوەتەوە
ئەو پەرلەمانتارە گوتی، دەبێت دیمەشق و هەسەدە پابەندی رێککەوتنەکان بن و تووندوتیژی رابگرن؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "پێویستە هاوکاریی دارایی ئەورووپا بۆ سووریا بە مەرج بێت. ئەگەر دیمەشق پارە و لادانی سزاکانی دەوێ، دەبێت رێز لە مافی کەمینەکان بگرێت و لە پڕۆسەی ئاشتیدا پێش بکەوێ."
ئەو پەرلەمانتارە ستایشی مۆدێلی خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوای کوردستانی کرد، بەتایبەت لە پرسی یەکسانیی نێوان ژن و پیاو و پێکەوەژیانی پێکهاتەکان و بە نموونەیەکی گرنگی بۆ سووریای داهاتوو ناوی برد.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: لە سەردانەکەتاندا بۆ رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ کێ کۆبوونەوە و کێتان بینی؟
یۆناس سیۆستێت: ئێمە وەک شاندێکی پارتی چەپی سوێد چووین، منیش ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپام. لەوێ سەرکردایەتیی رۆژئاڤامان بینی، مەزڵووم عەبدی، وەزیری دەرەوە، سەرکردایەتیی یەپەگە و پارتی پەیەدەمان بینی، بەڵام زۆرێک لە خەڵکی ئاساییشمان لە سەرتاسەری رۆژئاڤا بینی.
بێگومان یەکێک لە ئامانجەکان نیشاندانی هاوسۆزییە بۆ ئەو خەڵکەی لە رۆژئاڤا دەژین، بەڵام بۆ ئەوەشە تیشک بخەینە سەر ئەو راستییەی ئێستا دەرفەتێک بۆ ئاشتی هەیە. بەڵام دەبێت حکومەتی سووریا لە دیمەشق و لایەنی کوردیش پابەندبن بەو رێککەوتنانەی کە کردوویانە. دەبێت تووندوتیژی رابگرن، گەمارۆی سەر کۆبانێ بشکێنن و چارەسەرێکی ئاشتییانە بدۆزنەوە کە خەڵک بتوانن پێکەوە لە سووریادا بژین.
رووداو: دۆخی رۆژئاوای کوردستانتان چۆن هاتە بەرچاو؟
یۆناس سیۆستێت: خەڵک بێگومان نیگەرانن لە داهاتوو، بەڵام لە هەمان کاتدا زۆر سوورن و ئامادە نین دەستبەرداری هەموو ئەو دەستکەوتانە بن کە بەدەستیان هێناون. دەتوانم بڵێم کە زۆر بە باشی رێکخراون. ئاڵنگارییەکی تایبەت بریتییە لەو دەیان هەزار ئاوارەیەی چوونەتە ناوچەکە، هەندێک لە حەلەبەوە یان لە گوندەکانی دەوروبەرەوە چوون، هەندێکیشیان خەڵکی عەفرینن.
ئەوان لە دۆخێکی سەختدا دەژین؛ زۆربەیان لەنێو قوتابخانەکاندا دەژین. خۆشبەختانە هاوکارییەکی زۆریان لە بەشەکانی دیکەی کوردستانەوە بۆ دەچێت، بەتایبەت لە هەرێمی کوردستانەوە کە بارهەڵگرەکان بە هاوکارییەوە دەچنە ناوەوە. ئەمە مانایەکی زۆری هەیە بۆ خەڵکەکە.
بەڵام بێگومان ئەوەی ئێستا پێویستیانە ئارامییە؛ ئارامییەک بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. ئەمە شتێک بوو کە هەموو کوردەکان داوایان دەکرد. لەوێدا پێم وایە گرنگە دیمەشق کارەکانی جێبەجێ بکات.
رووداو: ئێوە دەگەڕێنەوە پەرلەمانی ئەورووپا. ئەوەی کە بینیوتە چۆن لەگەڵ پەرلەمانتاران و بەرپرسانی ئەورووپا باس دەکەن؟
یۆناس سیۆستێت: پێم وایە ئەورووپا رۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە کە بیگێڕێت و هەروەها کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش، چونکە دەبێت پەیامێکی روون بۆ دیمەشق هەبێت: چیدیکە تووندوتیژی دژی کەمینەکان نەبێت. چ کورد بن، کریستیان، عەلەوی، یان دروز. دەبێت چارەسەرێکی ئاشتییانە هەبێت بە رێزگرتن لە جیاوازییەکانی وڵاتەکە. حکومەتی سووریا هاوکاری لە یەکێتی ئەورووپا و زۆرێک لە وڵاتانی ئەندام وەردەگرێ. پێم وایە زۆر گرنگە ئەم هاوکارییە بە مەرج بێت. ئەگەر پارە لە رۆژئاواوە وەردەگری، ئەگەر سزاکان لادەبرێن، دەبێت پێشکەوتنیش لە پرۆسەی ئاشتی و یەکگرتنەوەدا هەبێت.
رووداو: دۆخی کۆبانێ خراپە بەهۆی ئەو گەمارۆیەی لەسەریەتی. چی دەکەن بۆ ئەوەی ئەو گەمارۆیە نەمێنێت و هاوکاری بگاتە شارەکە؟
یۆناس سیۆستێت: بەڵێ، دەتوانم بڵێم دۆخەکە لە کۆبانێ لە هەموو شوێنێک مەترسیدارترە. هێشتا کێشەی گەورەی ئاو، کارەبا، تەندروستی و خۆراک هەیە. هەندێک هاوکاری دەگات، بەڵام پێویستییان بە زۆر زیاترە. ئەمە بەڕاستی بەرپرسیارێتی حکومەتی سووریایە، چونکە ئەوان بەرپرسیارن لە دابینکردنی کارەبا و ئاو و کشانەوە لەو ناوچانەی لە کۆبانێوە نزیکن. خەڵکێکی زۆر لە کۆبانێ هەن، ئاوارەیەکی زۆریش لەوێن. بەڵێ تورکیا سنوورەکەی داخستووە، تورکیا هەمیشە کێشە بۆ کوردی سووریا دروست دەکات. ئەمە بەڕاستی گرنگترین داواکارییە لەسەر حکومەتی سووریا: گەمارۆی کۆبانێ بشکێنن. کاتێک نزیکەی مانگێک لەمەوبەر لە رۆژئاڤا بووم، ژمارەیەکی زۆر خۆبەخشی ئەمریکی و ئەورووپی لەوێ بوون، چەندین جار هەوڵیان دا بچنە ناو کۆبانێ، بەڵام نەیانتوانی.
رووداو: کورد داوای مافی خۆبەڕێوەبەری دەکات. ئێوە لە یەکێتیی ئەورووپا چۆن دەتوانن یارمەتی کورد بدەن بۆ ئەوەی ئەو ویستەی جێبەجێ بکرێ؟
یۆناس سیۆستێت: پێم وایە دەبێت زۆرترین گوشار بخەینە سەر دیمەشق بۆ شکاندنی گەمارۆکە. هەندێک مۆڵەتی سنووردار بۆ هاتووچۆی خەڵک هەبووە، بەڵام بێگومان دەبێت ئەمە فراوانتر بکرێت. چونکە کۆبانێ پێشتریش لەژێر گەمارۆدا بووە، پێم وایە ئەمە زۆر یادەوەری لای کوردەکان دەربارەی مێژوو دروست دەکات و نابێت ئەو مێژووە دووبارە ببێتەوە.
رووداو: چی دەکەن بۆ ئەوەی سووریا ببێتە وڵاتێکی دیموکراسی و تێیدا مافی پێکهاتەکان پارێزراو بێ؟
یۆناس سیۆستێت: پێم وایە هێزی باشی زۆر لەنێو کۆمەڵگەی سووریادا هەن، رێکخستنی خودیی کوردیش یەکێکە لەوانە. بۆیە پێم وایە زۆر گرنگە دەرگە بۆ دیالۆگ بکەنەوە، یاسایەکی نوێ بۆ پارتە سیاسییەکان هەبێت کە رێگە بە پارتەکان بدات. ئێستا دەبینم هەندێک لەم نووسینگانە لە شارە جیاوازەکاندا هێرشیان کراوەتە سەر و داخراون. ئەمە بەڕاستی نێوەرۆکی دیموکراسییە: رێگەدان بە میدیای ئازاد، رێگەدان بە دامەزراندنی ئازادانەی پارتە سیاسییەکان و فرەیی. ئێستا سووریا لە چواڕیانێکدایە، دەتوانن ئەو رێگەیە هەڵبژێرن کە خەڵک پێکەوە بژین، رێز لە یەکدی بگرن و دیموکراسییەکی راستەقینەیان هەبێت. ئەوە ئەو پەیامەیە کە پەرلەمانی ئەورووپا دەبێت دووبارە و دووبارە بۆ سووریای بنێرێت. کوردەکان بە ئەزموونی خۆیان، بەتایبەت لە پرسی یەکسانی نێوان ژن و پیاو، شتێکی زۆر گرنگیان هەیە کە پێشکەشی کۆمەڵگەی سووریای بکەن. بە جۆرێک لە جۆرەکان، رۆژئاڤا ئەزموونێکی بێوێنە بووە بۆ سووریا، چ لە پرسی ژیانی پێکهاتە جیاوازەکان پێکەوە و چ لە پرسی یەکسانی جێندەری. هیواخوازم سووریا رێگە بدات ئەم ئەزموونە کاریگەرەی لەسەر کۆمەڵگەکەیان هەبێت.
رووداو: کەواتە دەتوانین بڵێین پەرلەمانتارانی ئەورووپا بەردەوام دەبن لە سەردانی رۆژئاڤا و سووریا و هاوکارییان دەکەن بۆ داهاتوویان؟
یۆناس سیۆستێت: بێگومان وایە. ئێمە چاو لەسەر رۆژئاڤا لانەبەین. پێم وایە ئەمە بەرپرسیارێتی ئێمەیە. ئەوان قوربانییەکی زۆریان لە شەڕی دژی داعش دا، ئەوەش لە بەرژەوەندی هەموو ئێمە بوو. تەنیا دوو هەفتە لەمەوبەر گفتوگۆیەکمان لە پەرلەمانی ئەورووپا هەبوو کە منیش تێیدا بەشدار بووم، زۆر روون بوو کە لە باڵی چەپەوە تا باڵی راست پشتگیری بۆ رۆژئاڤا و کوردەکان هەبوو.
رووداو: ئەگەر پرسیارێک لەبارەی ئێران بکەم؛ ئایا بڕوات وایە ئەگەر دۆخ لە ئێران بگۆڕێت، کاریگەری لەسەر سووریا و عێراقیش دەبێت؟
یۆناس سیۆستێت: پێم وایە کاریگەری دەبێت و دەکرێت زۆر مەترسیدار و رەنگە تووندوتیژیش بێت. ئەگەری هێرشی سەربازی لەلایەن ئەمریکاوە لە ئایندەیەکی نزیکدا هەیە، ئەوەش بێگومان دەپەڕێتەوە بۆ عێراق و سووریا و رەنگە لوبنانیش. بەڵام با هیوادار بین کە لەبری ئەوە دانوستاندن بکەن.
رووداو: زۆر سوپاس.
یۆناس سیۆستێت: زۆر سوپاس بۆ تۆش.