ترەمپ: بیر لە هێرشکردنە سەر ئێران دەکەمەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ دەڵێ، بیر لە بژاردەی "گورزی سەربازیی سنووردار" بۆ سەر ئێران دەکاتەوە. ئەم هەڕەشە نوێیەی ترەمپ هاوکاتە لەگەڵ جێگیرکردنی هێزێکی گەورەی دەریایی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
ترەمپ: مۆڵەتەکە بۆ 15 رۆژ درێژکرایەوە
 
ترەمپ دوێنێ پێنجشەممە لە کۆبوونەوەی (ئەنجوومەنی ئاشتی) بۆ غەززە هۆشداری دا کە ئەگەر تاران رێککەوتن نەکات، "شتی خراپ روودەدات"، ئەمڕۆ هەینی 20-02-2026 مۆڵەتەکەی لە 10 رۆژەوە بۆ 15 رۆژ درێژکردەوە. 
 
کاتێک رۆژنامەڤانان لە واشنتن لێیان پرسی، "ئایا بە جیدی بیر لە وەشاندنی گورزی سەربازی دەکەیتەوە؟"، ترەمپ لە وەڵامدا گوتی، "ئەوەندەی بتوانم بیڵێم ئەوەیە کە بیر لەو بژاردەیە دەکەمەوە."
 
ئەم هەڵوێستەی ترەمپ لە کاتێکدایە، واشنتن دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگری گەورەی لەگەڵ چەندین کەشتیی تێکشکێنەر لە ناوچەکەدا جێگیرکردووە.
 
رۆیتەرز: پلانی "کوشتنی ئامانجدار" و "گۆڕینی دەسەڵات"
 
ئاژانسی رۆیتەرزی بەریتانی لە راپۆرتێکی تایبەتدا، لە زاری دوو بەرپرسی باڵای سەربازیی ئەمریکاوە ئاشکرای کردووە، پلانی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر ئێران گەیشتووەتە قۆناخێکی زۆر پێشکەوتوو. 
 
بەپێی راپۆرتەکە، "بژاردەکانی پێنتاگۆن تەنیا بۆ لێدانی بنکە ئەتۆمییەکان نییە، بەڵکو پلانی کوشتنی سەرکردە و فەرماندە باڵاکان و تەنانەت رووخاندنی دەسەڵاتیش لەسەر مێزی ترەمپ ئامادەیە."
 
بەرپرسەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەمریکا دەیەوێ لەرێگەی هێزی ئاسمانی و ئۆپەراسیۆنی تایبەتی وەک دەستگیرکردنی مادورۆ لە ڤەنزوێلا کاربکات، نەک لەرێگەی هێزی وشکانیی گەورە.
 
یەکێک لە بەرپرسەکان دەڵێ، "جەنگی 12 رۆژیی ساڵی 2025ـی نێوان ئیسرائیل و ئێران وانەیەکی باش بوو کە تێیدا لانیکەم 20 فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران کوژران، لەوانەش محەممەد باقری، سوپاسالار. واشنتن دەیەوێ ئەو فەرماندە و سەرکردانە بکاتە ئامانج کە بەرپرسی فەرماندەی و کۆنترۆڵن لەنێو سوپای پاسداران."
 
هەر ئەمڕۆ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە میدیای ئەمریکی رایگەیاند، "لە دوو بۆ سێ رۆژی داهاتوودا رەشنووسی رێککەوتن ئامادە دەبێت و رادەستی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ترەمپی دەکەین."
 
عێراقچی گوتی، ئامادەن بۆ رێککەوتنێکی خێرا بۆ لادانی سزاکان، بەڵام گوتیشی، "هیچ دوایین مۆڵەتێک قبووڵ ناکەین."
 
عێراقچی بانگەشەی ئەوەی کرد، ئەمریکییەکان داوای "سفر پیتاندن"یان لێ نەکردوون، کە ئەمە بە تەواوی پێچەوانەی قسەکانی ترەمپ و بەرپرسانی دیکەی کۆشکی سپییە کە دەڵێن، ئێران نابێت لە هیچ ئاستێکدا یۆرانیۆم بپیتێنێت.