بەریتانیا رێگە بە ئەمریکا دەدات لە بنکەکانیەوە هێرش بکاتە سەر ئێران
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی بەریتانیا رۆژی هەینی رایگەیاند، رێگەی بە ئەمریکا داوە بنکە سەربازییەکانی بەریتانیا بەکاربهێنێت بۆ لێدان لەو پێگانەی ئێران کە مەترسی لەسەر تەنگەی هورمز دروست دەکەن.
لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە لە 28ی شوبات، بەریتانیا رێگەی بە ئەمریکا داوە دوو بنکەی سەربازی بۆ ئۆپەراسیۆنی بەرگری بەکاربهێنێت، هەروەها هێزی ئاسمانیی خۆی جێگیرکردووە بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو هاوپەیمانانەی کە دەبنە ئامانجی هێرشەکانی ئێران.
گوتەبێژێکی حکومەتی بەریتانیا روونیکردەوە کە حکومەت کۆبوونەوەیەکی کردووە و تێیدا جەخت کراوەتەوە کە "ئەو رێککەوتنەی رێگە بە ئەمریکا دەدات بنکە سەربازییەکانی بەریتانیا لە چوارچێوەی بەرگریی هاوبەش لە ناوچەکە بەکاربهێنێت، ئۆپەراسیۆنە بەرگرییەکانی ئەمریکاش دەگرێتەوە کە ئامانج لێیان لاوازکردنی پێگە و توانای ئەو مووشەکانەیە کە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییەکان لە گەرووی هورمز بەکاردەهێنرێن."
کەمێک دوای ئەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت کە ئەمە "وەڵامدانەوەیەکی زۆر درەنگ" بوو لەلایەن بەریتانیاوە، و گوتیشی "دەبوایە زۆر خێراتر بجووڵانایەتەوە."
لە بەرامبەردا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیای تۆمەتبار کرد بەوەی "ژیانی بەریتانییەکان دەخاتە مەترسییەوە" لەرێگەی رێگەدان بە بەکارهێنانی بنکەکانی بەریتانیا بۆ "دەستدرێژیکردنە سەر ئێران."
پێشتر لە رۆژی هەینیدا، ترەمپ هاوپەیمانەکانی ئەمریکای لە ناتۆ بە "ترسنۆک" وەسف کردبوو بەهۆی رەتکردنەوەی داواکارییەکەی بۆ پێشکێشکردنی هاوکاریی سەربازی بەمەبەستی پاراستنی گەرووی هورمز.