ترەمپ ستایشی هەڵوێستی ژاپۆن بەرامبەر ئێران دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا میوانداریی سانای تاکایچی، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆنی کرد و ستایشی هەڵوێستی ئەوی بەرامبەر ئێران کرد. هەرچەندە کۆبوونەوەکە بە واژۆکردنی رێککەوتنی ئابووریی زەبەلاح کۆتایی هات، بەڵام هێنانەوەی ناوی (پێرڵ هاربەر) لە لایەن ترەمپەوە میدیاکانی هەژاند.
دوای چەند رۆژێک لە هێرشی تووند بۆ سەر هاوپەیمانەکانی، ترەمپ ئەمجارە ستایشی تۆکیۆی کرد و گوتی: "بەپێی ئەو لێدوانانەی پێمان گەیشتوون، ژاپۆن بە راستی هەنگاوی جیدی ناوە بۆ هاوکاری." پاشان ترەمپ بۆ ماوەیەک بێدەنگ بوو و دواتر گوتی: "بە پێچەوانەی ناتۆ،" بەوەش جارێکی دیکە رەخنەی لە هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی گرت.
ترەمپ گوتی، زۆر شانازی بە تاکایچی دەکات (کە یەکەم ژنە لە مێژووی ژاپۆندا ببێتە سەرۆکوەزیران) و گوتی: "ئێمە بووینەتە هاوڕێ." لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە یاریدەدەەرانی ترەمپ بڵاویانکردووەتەوە، تاکایچیی تەمەن 64 ساڵ لە کاتی گەیشتنی بۆ کۆشکی سپی بە گەرمی باوەش بە ترەمپی تەمەن 79 ساڵدا دەکات.
کاتێک رۆژنامەڤانێکی ژاپۆنی پرسیاری کرد بۆچی ئەمریکا پێشوەختە هاوپەیمانەکانی ئاگادار نەکردووەتەوە لە هێرشە ئاسمانییەکانی سەر ئێران، ترەمپ گوتی: "کێ لە ژاپۆن باشتر شارەزای سوپرایزە؟ بۆچی ئێوە باسی (پێرڵ هاربەر)تان بۆ من نەکرد؟"
ئەم لێدوانەی ترەمپ ئاماژە بوو بۆ هێرشەکەی 7ـی کانوونی یەکەمی 1941ـی ژاپۆن بۆ سەر هێزی دەریایی ئەمریکا لە هاوایی، کە وایکرد واشنتن بچێتە ناو جەنگی دووەمی جیهانی. تاکایچی بە بیستنی ئەمە چاوەکانی فراوان بوون و تووشی سەرسوڕمان بوو، بەڵام بێدەنگیی هەڵبژارد و تەنیا چەند جارێک سەیری کاتژمێرەکەی کرد تاوەکو کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکە تەواو بێت و بەرەو ژەمی ئێوارە بڕۆن.
لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا، هەردوو وڵات دوو پڕۆژەی گەورەی وەبەرهێنانیان راگەیاند؛پڕۆژەیەکی 40 ملیار دۆلاری بۆ بنیادنانی کوورە ئەتۆمییەکان لە ویلایەتەکانی تێنسی و ئەلاباما.
هەروەها وەبەرهێنانی 33 ملیار دۆلار لە وێستگەکانی کارەبا بە گازی سروشتی لە ویلایەتەکانی پێنسلڤانیا و تێکساس.
ئەم وەبەرهێنانە دوای ئەوە دێت کە ژاپۆن ساڵی 2025 رێککەوت 550 ملیار دۆلار تاوەکو ساڵی 2029 لە ئەمریکا خەرج بکات، لە بەرامبەر ئەوەی واشنتن باجی سەر کاڵا ژاپۆنییەکان لە 25٪ـەوە بۆ 15٪ کەم بکاتەوە.
تۆکیۆ و پێنج وڵاتی دیکەی هاوپەیمانی ئەمریکا رایانگەیاند، ئامادەن هاوکاری بکەن بۆ دابینکردنی "گواستنەوەی سەلامەت" لە تەنگەی هورمز، کە 90٪ـی نەوتی ژاپۆن لەو رێگەیەوە دابین دەکرێت.
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە تاکایچی لە ناوخۆی وڵاتەکەی لە ژێر گوشارێکی زۆردایە، چونکە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گاز بەهۆی جەنگی ئێرانەوە، ژیانی هاووڵاتییانی ژاپۆنی گران کردووە.