ترەمپ: جەنگی ئێرانمان بردووەتەوە و ناتۆش "ترسنۆکن"
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هێرشێکی تووند دەکاتە سەر ئەندامانی هاوپەیمانیی ناتۆ و بە "بێکاریگەر" و "ترسنۆک" ناویان دەبات، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئامادە نین بەشداری لە کردنەوەی تەنگەی هورمزدا بکەن.
رۆژی هەینی، 20ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی ترووس سۆشیاڵ، رەخنەی تووندی لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ گرت و رایگەیاند: "بێ ئەمریکا، ناتۆ هێزێکی بێ کاریگەرە."
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی ناتۆ نەیانویستووە بەشداری لە جەنگی رێگریکردن لە ئێرانێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی بکەن، بەڵام ئێستا کە جەنگەکە لە بەرژەوەندیی ئەمریکا کۆتایی هاتووە، ئەوان تەنیا گلهیی لە گرانیی نرخی نەوت دەکەن.
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، هاوپەیمانەکانی ناتۆ نایانەوێ یارمەتیدەر بن لە کردنەوەی تەنگەی هورمز، لەکاتێکدا پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچەیە تەنیا "مانۆڕێکی سەربازیی سادەیە" و مەترسییەکی زۆر کەمی هەیە.
ترەمپ دەڵێ، ئەوە لە کاتێکدایە، داخستنی تەنگەی هورمز "تاکە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە."
ترەمپ بە زمانێکی تووند و هۆشداری ئامێز رووی دەمی کردە وڵاتانی ناتۆ و گوتی: "ترسنۆکەکان، ئێمە ئەمەمان لە یاد دەبێت!"
ئەم پەیامە تووندەی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدایە، تاران لە کاردانەوەی هێرشەکانی واشنتن و تەلئەڤیڤ تەنگەی هورمزی داخستووە کە پێنجیەکی نەوتی جیهانی لێوە تێدەپەڕێ، ئەوەش بووەتە هۆی تێکچوونی هاوسەنگیی بازاڕەکان و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بە رێژەی 40% بۆ 50%.
سەرەڕای داواکارییەکانی ترەمپ بۆ هاوکاریی سەربازی و ناردنی کەشتیی جەنگی بەمەبەستی یاوەریکردنی نەوتهەڵگرەکان، بەڵام هاوپەیمانە ئەورووپییەکان و وڵاتانی دیکە ساردییان لە وەڵامەکانیاندا نیشانداوە، بەجۆرێک کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و بەرپرسانی ئەڵمانیا رایانگەیاندووە پاراستنی ئەو تەنگەیە ئەرکی ناتۆ نییە و یەکێتیی ئەورووپاش ئامادە نییە ئەرکە دەریاییەکانی لە دەریای سوورەوە بەرەو تەنگەی هورمز فراوان بکات.
هاوکات وڵاتانی وەک ژاپۆن، ئوسترالیا، ئیسپانیا و چەند وڵاتێکی دیکەش بە فەرمی خۆیان لە هەر بەشدارییەکی سەربازی لە ناوچەکە بەدوور گرتووە، ئەمەش وای لە ترەمپ کردووە هۆشداری بدات کە ئەم هەڵوێستە بۆ داهاتووی ناتۆ "زۆر خراپ" دەبێت.