232 سەربازی ئەمریکا لە جەنگی ئێران برینداربوون؛ زۆربەیان زەبر بەر مێشکیان کەوتووە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی ئەمریکا دەڵێ، 232 سەربازی ئەمریکی لە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بریندار بوون، کە لانیکەم 140یان زەبر بەر مێشکیان کەوتووە.
بەرپرسە ئەمریکییەکە بە تۆڕی ئەی بی سی ئەمریکای راگەیاندووە، لەو ژمارەیە 207 سەربازیان دوای وەرگرتنی چارەسەر گەڕاونەتەوە سەر ئەرک، بەڵام 10 سەربازیان برینیان قورسە.
درۆنە بۆمبڕێژکراوەکان وەک سەرەکیترین هۆکار
زیادبوونی ئەم جۆرە برینە بۆ بەکارهێنانی درۆن لەلایەن ئێران و گرووپە نزیکییەکانییەوە دەگەڕێتەوە.
ئەو درۆنانە لە کاتی تەقینەوەیاندا لە بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەک عێراق، کوێت، سعودیە و بەحرێن، شەپۆلێکی بەهێزی کورتخایەن دروست دەکەن کە کاریگەریی راستەوخۆ دەکاتە سەر مێشکی سەربازەکان.
جەینا مۆسێری برۆکس، پسپۆڕی زەبری مێشک لە کاتی شەڕدا دەڵێت، "ئەگەر سەربازێک لە نزیک تەقینەوەیەک بێت، هیچ گومانێکی تێدا نییە کە تووشی زەبری مێشک دەبێت. هیچ کەس ناتوانێت لەو پەستانە بەهێزەی تەقینەوەکە رزگاری بێت و نیشانەکانیشی زۆر بێزارکەرن."
نیشانەکانی زەبری مێشک دەکرێ زۆرجار بۆ ساڵانێکی زۆر یان تەواوی تەمەن بمێننەوە. ئەو نیشانانە خۆیان لە سەرئێشەی تووند و بەردەوام، گێژبوون، نەمانی هاوسەنگی، کێشە لە بیرکردنەوە و بڕیاردان، لەگەڵ لەدەستدانی سەرنج و لاوازبوونی یادگەدا دەبیننەوە.
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی کاروباری ڤێتێرنەری ئەمریکا، ئەو سەربازانەی تووشی زەبری مێشک دەبن، ئەگەری خۆکوشتنیان دوو هێندە زیاترە بەراورد بەو سەربازانەی ئەو زەبرەیان بەرنەکەوتووە.
زەبری مێشک لە ساڵانی 2001 تاوەکو 2023 واتە لە جەنگەکانی ئەمریکا لەگەڵ عێراق و ئەفغانستان بووەهۆی تێکچوونی تەندروستی زیاتر لە 460 هەزار سەربازی ئەمریکی. هەرچەندە ئەم برینە مێژوویەکی کۆنی لە جەنگەکاندا هەیە، بەڵام سوپای ئەمریکا لە ساڵی 2011وە بە فەرمی بڕیاریدا ئەو کەسانەی بەهۆی تەقینەوەوە تووشی کێشەی زەبری مێشک دەبن، مەدالیای رێزلێنانیان پێبدرێت.
یەکێک لە هێرشە هەرە دیارەکان، هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بوو بۆ سەر بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنباری عێراق لە کانوونی دووەمی 2020. سەرەتا ئیدارەی ترەمپ رایگەیاند، هیچ سەربازێک بریندار نەبووە، بەڵام دواتر دەرکەوت 110 سەرباز تووشی زەبری مێشک بوون.
ئارۆن فۆترێل، ئەفسەری پێشووی پاسەوانی نیشتمانیی ئۆهایۆ کە لە کاتی هێرشەکەی عەین ئەسەد لەوێ بووە، باس لەوە دەکات ژیانی بەتەواوی گۆڕاوە و دەڵێت، سەرەڕای چارەسەر، هێشتا هەفتانە تووشی سەرئێشەی تووند دەبێت و هەندێکجار ناتوانێت بە رێکی قسە بکات.
ئارۆن دەڵێت، "من وەک کەسێکی ئاسایی دەردەکەوم و کەمئەندامییەکەم بە چاو نابیندرێت، بەڵام ژیانم سەخت بووە. زۆر شوێنی قەرەباڵخ یان ژاوەژاو دەبنەهۆی تێکچوونی باری تەندروستیم. ئەمە گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر خۆم و خێزانەکەشم."