دادگایەکی پاریس سزای تاهەتایی بۆ چەکدارێکی داعش دەرکرد بەهۆی رۆڵی لە جینۆسایدکردنی کوردانی ئێزدی

 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەیەکی پاریس سزای زیندانی تاهەتایی بۆ چەکدارێکی فەرەنسی نێو ریزەکانی داعش دەرکرد، ئەمەش یەکەمین کەیسی لەو شێوەیە لە مێژووی فەرەنسادا کە پەیوەست بێت بە تاوانەکانی بەرامبەر کوردانی ئێزدی.
 
رۆژی هەینی، 20ـی ئاداری 2026، دادگایەکی پاریس سزای زیندانی تاهەتایی بەسەر (سەبری ئێسید) سەپاند، دوای ئەوەی تاوانبار کرا بە ئەنجامدانی "تاوان دژی مرۆڤایەتی" و بەشداریکردن لە جینۆسایدی کوردانی ئێزدی لەنێوان ساڵانی 2014 بۆ 2016.
 
مارک سۆمێر، سەرۆکی دادگاکە لە کاتی خوێندنەوەی بڕیارەکەدا رایگەیاند: "سەبری ئێسید بەشێک بووە لەو جینۆسایدەی رێکخراوی داعش ئەنجامی دا. ئێسید ئەڵقەیەکی نێو تۆڕێکی تاوانکاری بوو کە کڕین و فرۆشتنی بە هاووڵاتییانی ئێزدییەوە کردووە." 
 
سۆمێر گوتی، داعش بە شێوەیەکی سیستماتیکی کوردانی ئێزدی لەسەر بنچینەی بیروباوەڕی ئایینی کردە ئامانج.
 
ئێسید لە ساڵی 1984 لە فەرەنسا لەدایکبووە و لە ساڵی 2014 پەیوەندی بە داعشەوە کرد و گومان دەکرێ لە 2018 لە سووریا کوژرابێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگەی فەرمی لەسەر مردنی، دادگا بەبێ ئامادەبوونی بڕیارەکەی بەسەردا سەپاند و فەرمانی دەستگیرکردنەکەشی بە کراوەیی هێڵدرایەوە.
 
لە پێنج رۆژی دادگاییکردنەکەدا، دوو ژنی کوردی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش کە لە بازاڕەکانی ژێر دەسەڵاتی داعشدا کڕین و فرۆشتنیان پێوە کرابوو، شایەتییان لەسەر ئەو نەهامەتییانە دا کە بەسەریاندا هاتووە.
 
یەکێک لە ژنەکان گێڕایەوە کە چۆن لەلایەن ئێسید و چەکدارانی دیکەوە رۆژانە دەستدرێژی کراوەتە سەر و لە ئاو و خواردن بێبەش کراوە، پێش ئەوەی بتوانێت لەگەڵ کچەکەی رابکات.
 
ئەم بڕیارەی دادگای فەرەنسا دوای زنجیرەیەک بڕیاری هاوشێوە دێت لە ئەڵمانیا، بەلجیکا و سوێد کە لە ساڵی 2021ـەوە دەستیان پێکردووە. 
 
سۆفی هاوارد، داواکاری گشتی لە دادگاییکردنەکەدا گوتی: "تووندوتیژی سێکسی هەنگاوێکی سەرەکی بوو لە سیاسەتی داعش بۆ لەنێوبردنی ئێزدییەکان. کوشتن تاکە رێگە نەبوو، بەڵکو کۆیلایەتی و برسیکردنیش بەشێک بوون لەو سیاسەتی پاکتاوکردنە."