کاروانێکی کەسوکاری داعش گەڕێندرانەوە کۆسۆڤۆ

رووداو-کۆسۆڤۆ 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکەیەکی ژن و منداڵی چەکدارانی داعش، ئەوانەی خەڵکی کۆسۆڤۆن لە سووریاوە گەڕێندرانەوە وڵاتەکەیان، بەوەش دوای رووسیا کۆسۆڤۆ دەبێتە دووەم وڵات هاوژین و نەوەکانی داعش وەربگرێتەوە.

لەکاتێکدا وڵاتانی جیهان ناکۆکیانە لەبارەی چارەنووسی ئەو چەکدار و ژن و منداڵانەی داعش کە لە کامپ و زیندانەکانی عێراق و هەسەدەدان، حکومەتی کۆسۆڤۆ لە نیوەشەودا 110 چەکدار و ژن و منداڵی داعشی گەڕاندەوە وڵاتەکەی. ئەمە یەکەم وڵاتە بە پلان و بەرنامە، جیا لە ژن و منداڵان، چوار چەکداری داعشیش وەردەگرێتەوە.

لە فڕۆکەخانەی بریشینا و لە رێوشوێنی ئەمنی توونددا ژن و منداڵەکانی داعش گەڕێندرانەوە. ئەبیلارد تاهیری، وەزیری دادی کۆسۆڤۆ رایگەیاند: "پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئەو کەسانە بەسەرکەوتوویی کۆتایی هاتووە و کاروانێکی ژن و منداڵان گەڕێندراونەتەوە.

بەرپرسانی کۆسۆڤۆ دەڵێن، ژن و منداڵە گەڕێندراوەکان براونەتە سەنتەرێکی شاری ڤرانیدۆڵ بەمەبەستی نەهێشتنی هزری تووندئاژۆیی. چوار چەکدارەکەش دەستبەسەرن و لە داهاتوودا دادگایی دەکرێن.

کۆسۆڤۆ بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمریکا ئەو چەکدار و ژن و منداڵانەی گەڕاندەوە. بەرپرسێکی وڵاتیش دەڵێت، جێبەجێکردنی پلانەکە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کەسانە چەندین مانگی خایاندووە.  

وڵاتانی بیانی ترسیان لەوە هەیە بە گەڕانەوەی ژن و منداڵانی داعش، هەروەها وەرگرتنەوەی چەکدارانی داعش، هزری توندئاژۆیی لە بەرەکانی شەڕەوە بگوازرێتەوە وڵاتەکانیان.


زیاتر لە 300 کەسی کۆسۆڤۆیی لە ژن و پیاوان لە دوای ساڵی 2012ـەوە چوونەتە سووریا، لەو ماوەیەدا 70 کەسیان لە ریزی گرووپە چەکدارەکان کوژراون. بەگوتەی پۆلیسی کۆسۆڤۆ 150 کەسی هەڵگری وڵاتینامەی کۆسۆڤۆ دوای شکستی داعش بەدیلگیراون، 60 منداڵیش لە ناوچەی شەڕ لە دایکبوون، هێشتا روونیش نییە هیچ چەکدارێک لەنێو گەڕێندراوەکانە یان نا.