ئیسپانیا بۆ یەکێتیی ئەورووپا: رێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل هەڵبووەشێنەوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا دەڵێت، رۆژی سێشەممە بە فەرمی داوا لە یەکێتیی ئەورووپا دەکەن رێککەوتنی هاوبەشی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل کۆتایی پێبهێنێت؛ ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە کردارە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە لوبنان و "پێشێلکردنی بنەما مرۆییەکان".
 
پێدرۆ سانچێز لە گوتارێکیدا لە پارێزگای هێلڤای باشووری وڵاتەکەی رایگەیاند: "ئەم سێشەممەیە، حکومەتی ئیسپانیا پێشنیازێک دەباتە ئەورووپا بۆ ئەوەی یەکێتییەکە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل بپچڕێنێت." 
 
سانچێز جەختی کردەوە، ئیسپانیا "هاوڕێی گەلی ئیسرائیلە"، بەڵام لەگەڵ کردارەکانی حکومەتەکەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل نییە و داوای لە وڵاتانی دیکەی ئەورووپاش کرد هاوکاری بن.
 
ئەم هەڵوێستە تووندەی مەدرید دوای ئەوە دێت، ئیسپانیا و ئێرلەندا پێشتر داوای پێداچوونەوەی بەپەلەیان بە رێککەوتنی هاوبەشی نێوان یەکێتیی ئەورووپا و ئیسرائیل کردبوو. سانچێز دەڵێت، ئیسرائیل بە چەندین شێوە خاڵەکانی ناو رێککەوتنەکەی "پێشێل کردووە" و رێز لە مافەکانی مرۆڤ ناگرێت.
 
دابەشبوونی ئەورووپا و بایەخی ئابووری
 
پێشنیازەکەی ئیسپانیا لە ناو یەکێتیی ئەورووپادا وڵاتانی بۆ دوو بەرە دابەش کردووە؛ لە کاتێکدا وڵاتانی وەک فەرەنسا، بەلجیکا، سلۆڤینیا، فینلاند، ئێرلەندا، لوکسمبۆرگ، پۆرتوگال و سوێد پشتگیری لەم جۆرە هەنگاوانە دەکەن، وڵاتانی دیکەی وەک ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، هەنگاریا، بولگاریا، کرواتیا و قوبرس دژی دەوەستنەوە.
 
ئەم رێککەوتنە تەنیا پرسێکی سیاسی نییە، بەڵکو بایەخێکی ئابووریی گەورەی هەیە، چونکە یەکێتیی ئەورووپا گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی ئیسرائیلە و ساڵانە قەبارەی بازرگانیی نێوانیان زیاتر لە 45 ملیار یۆرۆیە. هەر هەڵوەشاندنەوەیەک یان سڕکردنێکی ئەم رێککەوتنە، گوشارێکی ئابووریی یەکجار گەورە دەخاتە سەر هەردوولا.
 
لە لایەکی دیکەوە، هەڵمەتێکی جەماوەری بە ناوی "دادپەروەری بۆ فەلەستین" توانیویەتی زیاتر لە ملیۆنێک واژۆ کۆبکاتەوە بۆ پچڕاندنی رێککەوتنی نێوان یەکێتیی ئەورووپا و ئیسرائیل، ئەمەش وای کردووە کۆمیسیۆنی ئەورووپا ناچار بێت بە فەرمی لێکۆڵینەوە لە داواکارییەکە بکات.
 
رۆژی 2ی ئادار، لە تۆڵەی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران لە ئەنجامی بۆردوومانێکی ئیسرائیل-ئەمریکا بۆ سەر تاراندا، حیزبوڵـڵای لوبنان بە مووشەک هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و ئەویش بە بۆردوومان و هێرشی زەوینی وەڵامیدایەوە. لە 17-04-2026 ئاگربەستێکی 10 رۆژە بۆ جەنگەکە راگەیێندراوە، بەڵام روون نییە جەنگەکە دەستپێدەکاتەوە یان نا.