یەکێتیی ئەورووپا هەنگاوێکی دیکە دەنێت بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا

رووداو دیجیتاڵ

یەکێتیی ئەورووپا هەوڵەکانی بۆ ئاساییکردنەوەی تەواوەتیی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا چڕتر دەکاتەوە و پێشنیازی دەستپێکردنەوەی رێککەوتنی هاوکاریی نێوانیان دەکات؛ ئەمەش وەک پاڵپشتییەک بۆ قۆناخی دوای نەمانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد.
 
رۆژی دووشەممە، 20ی نیسانی 2026، کۆمیسیۆنی ئەورووپا لە برۆکسل پێشنیازێکی فەرمی ئاراستەی وڵاتانی ئەندام کرد بۆ کاراکردنەوەی رێککەوتنی هاوکاری لەگەڵ سووریا. بەگوێرەی پێشنیازەکە، باجی گومرگی لەسەر زۆربەی کاڵا پیشەسازییەکانی سووریا لادەبرێت؛ ئەو رێککەوتنەی کە لە ساڵی 2011وە بەهۆی سەرکوتکارییەکانی رژێمی پێشوو کارکردن پێی راگیرابوو.
 
دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024، یەکێتیی ئەورووپا ستراتیژییەکی نوێی بەرامبەر دیمەشق گرتووەتەبەر. ئۆرسۆلا فۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا کە پێشتر سەردانی سووریای کردبوو، پاکێجێکی هاوکاریی دارایی بە بڕی 620 ملیۆن یۆرۆ بۆ ماوەی دوو ساڵ راگەیاندووە، کە ئامانج لێی هاوکاریکردنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتە وێرانبووەیە.
 
یەکێتیی ئەورووپا کە پێشتر سزاکانی سەر سووریای هەڵگرتووە، ئێستا دەیەوێت هاوکاریی دەسەڵاتدارانی نوێ بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع بکات، تاوەکو سووریا جارێکی دیکە بگەڕێتەوە ناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
 
دیپلۆماتکارانی ئەورووپی ئاماژە بەوە دەکەن، ئەم هەنگاوە بازرگانییە دەبێتە سەرەتایەک بۆ "دیالۆگێکی سیاسیی ئاستبەرز" کە بڕیارە مانگی داهاتوو لە نێوان برۆکسل و دیمەشقدا دەستپێبکات.
 
سەرەڕای کرانەوە دیپلۆماسییەکان، سووریا هێشتا لەناو دۆخێکی هەستیاردا گوزەر دەکات. گرژییە مەزهەبییەکان و هەڕەشەی پاشماوەکانی داعش وەک دوو ئاستەنگی سەرەکی لەبەردەم سەقامگیریی وڵاتەکەدا ماونەتەوە.
 
لەگەڵ ئەوەشدا، پایتەختەکانی ئەورووپا هیوادارن سەقامگیربوونی دۆخی ئابووری و سیاسیی سووریا، رێگە خۆش بکات بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ملیۆنان پەنابەری سووری کە لە وڵاتانی دراوسێ و ئەورووپا نیشتەجێن.
 
ئەم دەستپێشخەرییەی برۆکسل نیشانەی ئەوەیە کە یەکێتیی ئەورووپا دەیەوێت لە رێگەی "دیپلۆماسیی ئابوورییەوە" پێگەی خۆی لە سووریای نوێدا بەهێز بکات و رێگری لە هەرەسی زیاتری ئەو وڵاتە بکات دوای زیاتر لە 13 ساڵ لە جەنگی ناوخۆیی.