چارەنووسی رۆژنامەڤانێکی ئەڵمانی لە سووریا نادیارە و خێزانەکەشی داوای وەڵام دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

ئیڤا ماریا میشێلمان، رۆژنامەڤانی ئەڵمانی، کە چەند ساڵێک لە رۆژئاوای کوردستان نیشتەجێ بوو و راپۆرتی لەسەر دۆخی رێڤەبەریی خۆسەر، مافەکانی ژنان و ژیانی رۆژانەی خەڵک ئامادە دەکرد،  67 رۆژە بێسەروشوێنە.
 
لە 18ی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە، هیچ سۆراخێکی ئەو رۆژنامەڤانە نەماوە. گومان دەکرێت لە کاتی هێرشێکی هێزەکانی حکومەتی سووریا بۆ سەر شاری رەققە، دەستبەسەر کرابێت. بێسەروشوێنبوونی ئیڤا، خێزانەکەی تووشی شۆک و دڵەڕاوکێیەکی زۆر کردووە.
 
دکتۆر ئەنتۆنیۆس میشێلمان، برای ئیڤا ماریا، لەبارەی دۆخی خوشکەکەیەوە دەڵێت: "ئێمە بێگومان زۆر نیگەرانی ژیانی خوشکەکەمانین، بەڵام لە هەمان کاتدا گەشبینین. دەزانین کە ئەو بە زیندوویی رفێندراوە و دەمانەوێت هەر بە زیندووییش بگەڕێتەوە. 67 رۆژە هیچ دەنگ و نیشانەیەکی ژیانیمان لێیەوە نەبیستووە."
 
براکەی ئیڤا رەخنە لە بێدەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەگرێت و دەڵێت: "وەزارەتی دەرەوە، حکومەتی فیدراڵی و رێوەبەریی رۆژئاوا ئاگاداری بابەتەکەن. سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و رێوەبەریی رۆژئاوا هاوپەیمانی نزیکی یەکترن، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە هیچ شتێک دەربارەی چارەنووسی خوشکەکەم بە ئێمە بڵێن. ئەمەش نیگەرانییەکی جدی بۆ دروست کردووین، بەڵام ئێمە شانازی بەو کارانەوە دەکەن کە خوشکەکەم لەوێ ئەنجامی داون، چونکە جیهان پێویستی بە رۆژنامەنووسی ئازا هەیە."
 
لە لایەکی دیکەوە، پارێزەری خێزانی میشێلمان داوا دەکات گوشاری زیاتر بخرێتە سەر لایەنە بەرپرسەکان لە سووریا. رۆلاند مایستەر، پارێزەری خێزانەکە دەڵێت: "وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و دەزگای هەواڵگریی فیدراڵی (BND) دەتوانن رۆڵی کاریگەر بگێڕن. نابێت ئەوەش فەرامۆش بکرێت کە ئێستا پەیوەندییەکانی حکومەتی ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا باشە. لە کاتی شەڕ و پێکدادانەکاندا، سەرۆکی یەکێتیی ئەورووپا لە دیمەشق بوو و بەڵێنی هاوکاریی زیاتر لە 600 ملیۆن یۆرۆی بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوە دا."
 
رێکخراوی (People's Bridge) یەکێکی دیکەیە لەو لایەنانەی کار لەسەر ئەم کەیسە دەکات. ئەڤین هومیتش، نوێنەری رێکخراوەکە دەڵێت: "پێویستە رای گشتی زیاتر لەم بابەتە ئاگادار بکرێتەوە و دەوڵەتی ئەڵمانیا بەرپرسیارانەتر مامەڵە بکات. تەنیا لێدوانی سیاسییەکان بەس نییە، دەبێت حکومەت هەنگاوی کۆنکرێتی بنێت و بە روونی بڵێت چی دەکات."
 
تاوەکو ئێستا دۆخەکە نادیارە و جگە لە ئیڤا ماریا، چارەنووسی هاوکارەکەشی بە ناوی ئەحمەد پۆڵات، کە رۆژنامەڤانێکی باکووری کوردستانە، بە نادیاری ماوەتەوە.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (رووداو) رایگەیاند، ئەوان ئاگاداری دۆخەکەن و لە رێگەی کۆنسوڵخانەکانیان لە بەیرووت و دیمەشقەوە هەوڵ بۆ روونکردنەوەی چارەنووسی ئەو رۆژنامەنووسە دەدەن، بەڵام ئامادە نەکۆڵین هیچ وردەکارییەکی دیکە ئاشکرا بکەن.
 
ئێستا خێزانی ئیڤا ماریا میشێلمان تەنیا چاوەڕێی یەک شت دەکەن: وەڵامێکی روون و گەڕانەوەی خوشکەکەیان بە زیندوویی.