سوپاکانی ئەڵمانیا و فەرەنسا لەبارەی ئەگەری ناردنی هێز بۆ تەنگەی هورمز وەڵامی رووداو دەدەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
لەبارەی ناردنی هێز بۆ دابینکردنی ئازادی کەشتیوانی بە تەنگەی هورمزدا راگەیاندنی نووسینگەی سوپاسالاری ئەڵمانیا بە رووداوی راگەیاند: "بە شێوازێکی گونجاو بەشدار دەبین لە دەستەبەرکردنی ئازادی کەشتیوانی بە تەنگەکدا". راگەیاندنی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای فەرەنساش بە رووداوی گوت، هاوپەیمانییەکیان بۆ پاراستنی تەنگەکە پێکهێناوە، بەڵام هێشتا لە قۆناخی پلانداناندان.
ئازادی تێپەڕینی کەشتییەکان بە تەنگەی هورمزدا یەکێکە لە دیارترین پرسەکانی دانوستاندنی نێوان ئەمریکا و ئێران کە بڕیارە لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوەبچن.
رۆژی 28ی شوبات ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش هێرشی کردە سەر وڵاتانی ناوچەکە. لە دووەم رۆژی جەنگەکەوە، ئێران تەنگەی هورمزی بە رووی کەشتییەکاندا داخست.
لەو کاتەوە، چەند جارێک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای ناردنی هێزی لە وڵاتانی ئەورووپا بۆ کۆنترۆڵکردنی تەنگەکە و دابینکردنی ئازادی کەشتیوانی پێیدا کرد، بەڵام ئەوان هەنگاوێکی لەو جۆرەیان لەکاتی جەنگدا رەتکردووەتەوە.
لەبارەی ناردنی هێزی سەربازییەوە، نووسینگەی راگەیاندنی سوپاسالاری ئەڵمانیا و راگەیاندنی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای فەرەنسا وەڵامی پرسیارەکانی نیاز مستەفا، ئێدیتۆر لە بەشی نێودەوڵەتی رووداویان دایەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سوپاسالاری ئەڵمانیا لەبارەی هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر هاتووچۆی کەشتییەکان بە تەنگەی هورمزدا بە رووداوی راگەیاند: "دەبێت ئێران بەردەوام نەبێت لە هەڕەشەکردن لە هاتووچۆی دەریایی نێودەوڵەتی؛ هەروەها دەبێت لە هێرشی زیاتر بۆ سەر ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو دووربکەوێتەوە".
نووسینگەکە لەبارەی ئەگەری ناردنی هێزی سەربازییان بۆ دابینکردنی ئازادی کەشتیوانی بە تەنگەکەدا ئاماژەی بەوە کرد: "ئەڵمانیا بە شێوازێکی گونجاو بەشدار دەبێت لە دەستەبەرکردنی ئازادیی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز".
رووداو ویستی بزانێت شێوازی بەشداریکردنەکەیان چۆنە بەڵام نووسینگەکە تەنیا گوتی، "هەندێک بڕیارمان داوە، بەڵام کۆتایی نییە، ئەمە تەنیا سەرەتایە."
بە گوێرەی میدیای ئەڵمانیا، پێش دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، بەرلین نزیکەی 500 سەربازی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوو، زۆرینەیان لە هەرێمی کوردستان، عێراق و ئوردن بوون. دواتر سوپای ئەڵمانیا بە رووداوی راگەیاند، بەشێکی هێزە ناپێویستەکانیان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کشاندەوە.
رووداو سەبارەت بە مانەوەی هێزەکانی فەرەنساش لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە پرسیاری لە راگەیاندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای فەرەنسا کرد و ئەوانیش رایانگەیاند: "بڵاوەپێکردنی هێزەکانمان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەڵامدەرەوە و نەرمە، ئەمەش بەو مانایەیە کە بەردەوام خۆی لەگەڵ ئاستی هەڕەشە و پێشهاتەکانی مەیدان دەگونجێنێت".
فەرەنسا نزیکەی هەشت هەزار سەربازی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە. بەشێکیان وەک راوژێکاری سەربازی لە هەرێمی کوردستانن.
رۆژی 12ی ئادار، لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر بنکەی مەلا قەرە کە 40 کیلۆمەتر لە هەولێر دوورە، سەربازێکی فەرەنسی کوژرا.
فەرەنسا و بەریتانیا لەگەڵ نزیکەی 40 وڵاتی دیکە هاوپەیمانییەکیان بۆ دابینکردنی ئازادی کەشتیوانی بە تەنگەی هورمزدا پێکهێناوە.
راگەیاندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای فەرەنسا سەبارەت بە ناردنی هێز و هاوپەیمانییەکە بە رووداوی گوت: "قۆناخی پلاندانان بەرەوپێش دەچێت، بە ئامانجی هاوبەشی برەودان بە سەلامەتیی کەشتیوانی لەم ناوچە ستراتیژییەدا".
فەرماندەیی سوپای فەرەنسا ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەم دەسپێشخەرییە لەسەر ستراتیژییەتێکی بە تەواوی بەرگرییانە بونیاد نراوە. گوزارشت لە پابەندییەکی راستەقینە دەکات بۆ ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەیی."
بە گوێرەی رێکخراوی گواستنەوەی دەریایی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، پێش جەنگ رۆژانە لانیکەم 100 کەشتی بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕین، لەو کاتەوەی جەنگە دەستیپێکردووە رۆژانە بە تێکڕا کەمتر لە 10 کەشتی پێدا تێپەڕیووە.
کەمبوونەوەی تێپەڕینی کەشتییەکان بە تەنگەکدا بووەتە هۆی بەرزکردنەوەی نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە 72 دۆلارەوە بۆ نزیکەی 120 دۆلار.
ئەو کەشتییانەی بە تەنگەکەدا تێدەپەڕین جگە لە نەوت و گاز، بەشێکیان پەینی کیمیایی و شمەکی دیکە دەگواستەوە. بە گوێرەی رێکخراوی کشتوکاڵ و خۆراکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، داخستنی تەنگەکە هەڕەشەی لەسەر کشتوکاڵ لە وڵاتانی جیهان و زیادبوونی ژمارەی هەژاران و ئەوانەی ئاسایشی خۆراکیان نییە دروستکردووە.