باڵیۆزی ئێران لە رووسیا: تاران ئامادەیە گوێ لە پێشنیازەکانی مۆسکۆ تایبەت بە کۆتاییهێنان بە شەڕ بگرێت
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی ئێران لە مۆسکۆ دەڵێ، دۆناڵد ترەمپ ناتوانێت لە رێگەی دانوستاندنەوە ئەو دەستکەوتانە بەدەستبهێنێت کە لە جەنگدا بۆی نەهاتنە دی؛ ئاماژە بەوەش دەکات، تاران ئامادەیە گوێ لە پێشنیازەکانی مۆسکۆ تایبەت بە کۆتاییهێنان بە شەڕ بگرێ.
کازم جەلالی، باڵیۆزی ئێران لە مۆسکۆ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای رووسیا ئاماژەی بەوە کرد، ئێران خاوەنی کۆمەڵێک "هێڵی سوورە" کە هەرگیز لێیان لانادات و گوتی: "چارەسەری قەیرانەکان لە ناوچەکەدا تەنیا بەستراوەتەوە بە ئیرادەی سیاسی لە واشنتن."
سەبارەت بە دەنگۆی هاوکارییە سەربازییەکانی مۆسکۆ بۆ تاران لەم جەنگەی دواییدا، کازم جەلالی رەتیکردەوە کە رووسیا هاوکاریی سەربازیی راستەوخۆی پێشکێشی وڵاتەکەی کردبێت و رایگەیاند: "ئەو دەنگۆیەی دەڵێت رووسیا بەتایبەت لەم جەنگەدا پشتگیریی سەربازی پێشکێشی ئێران دەکات، راست نییە."
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، رۆژی 26ی ئاداری 2026 رایگەیاند، مۆسکۆ و تاران خاوەنی رێککەوتنی هاوکاریی سەربازی و تەکنیکین و رووسیا جۆرەها بەرهەمی سەربازیی داوەتە ئێران، بەڵام ناتوانن ئەو تۆمەتانە قبووڵ بکەن کە دەڵێن لە رووی هەواڵگرییەوە هاوکاریی ئێرانیان کردووە.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی لە سەرەتای مانگی ئاداردا بە "سی بی ئێس"ـی راگەیاند، رووسیا زانیاری لەسەر پێگەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەداتە ئێران. هەروەها بەرپرسی باڵای دیپلۆماسی یەکێتی ئەورووپا هەر لە مانگی ئاداردا رایگەیاندبوو کە رووسیا بۆ "کوشتنی ئەمریکییەکان" لە رێگەی پێدانی زانیارییەوە پاڵپشتی ئێران دەکات.
27ـی ئاداری 2026، کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئەورووپا رایگەیاند، رووسیا بە پێدانی زانیاری یارمەتی ئێران دەدات بۆ ئەوەی ئەمریکییەکان بکاتە ئامانج.