ترەمپ: ئامادەم لەگەڵ سەرکردەکانی ئێران کۆببمەوە
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە گوایە ئێران بەشداریی لە گەڕی نوێی دانوستاندنەکانی ئیسلامئاباد ناکات و رایگەیاند، ئەگەر پێشکەوتن هەبێت، ئامادەیە خۆی راستەوخۆ لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی تاران کۆببێتەوە.
رۆژی دووشەممە 20-04-2026 ترەمپ لە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ رۆژنامەی نیویۆرک پۆست، ئەو گومانانەی رەتکردەوە کە پێیانوایە دانوستاندنەکان هەڵدەوەشێنەوە. ترەمپ گوتی، "بڕیارە گفتوگۆمان هەبێت، بۆیە من لەم ساتەدا گریمانەی ئەوە دەکەم کە کەس یاری ناکات و هەمووان جیدیین."
سەرۆکی ئەمریکا پشتڕاستی کردەوە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک؛ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەت و جارید کوشنەری راوێژکار، ئەمڕۆ دووشەممە ئەمریکایان بەرەو پاکستان جێهێشتووە. ترەمپ گوتی، "ئەوان ئێستا لە رێگەن و ئەمشەو بە کاتی ئیسلامئاباد دەگەنە ئەوێ."
لە پێشهاتێکی دیپلۆماسیی چاوەڕواننەکراودا، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر دەرفەت بڕەخسێت، ئامادەیە راستەوخۆ لەگەڵ سەرکردایەتیی ئێران کۆببێتەوە. سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "من هیچ کێشەیەکم لە بینینی ئەوان نییە. ئەگەر بیانەوێت کۆببینەوە، هەرچەندە ئێمە خەڵکی زۆر لێهاتوومان هەیە، کە نوێنەرایەتیمان دەکەن، بەڵام من کێشەم نییە خۆم بیانبینم."
ترەمپ جارێکی دیکە باسی کرۆکی مەرجەکانی واشنتنی کرد و گوتی، تاکە خاڵێک کە سازشی لەسەر ناکەن، بابەتی چەکی ئەتۆمییە، "دەبێت دەستبەرداری چەکە ئەتۆمییەکانیان ببن. بابەتەکە زۆر سادەیە؛ نابێت هیچ چەکێکی ئەتۆمییان هەبێت."
ترەمپ گوتیشی، ئەگەر ئێران پابەند بێت بەم مەرجەوە، ئەوا دەکرێت ببێتە "وڵاتێکی نایاب و گەشەسەندوو."
هەرچەندە ترەمپ ئامادە نەبوو وردەکاریی ئەو سزایانە ئاشکرا بکات کە ئەگەر گفتوگۆکان شکست بهێنن بەسەر ئێرانیدا دەسەپێنێت، بەڵام هۆشدارییەکی روونی دا. کاتێک لێیان پرسی ئایا ئەمریکا دەست بەسەر کەشتیی زیاتری ئێرانیدا دەگرێت ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، ترەمپ گوتی: "من نامەوێت لێرەدا بچمە ناو ئەو وردەکارییانەوە لەگەڵتدا. بەڵام دەتوانیت وێنای بکەیت. دەرەنجامەکە شتێکی خۆش نابێت."
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدا دێن، تەنیا چەند دوو رۆژ بۆ کۆتاییهاتنی ئاگربەستە 14 رۆژییەکەی نێوان واشنتن و تاران، ناوچەکە بە پەرۆشەوە چاوەڕێی دەرەنجامی گفتوگۆکانی شاری ئیسلامئابادە.