سەرچاوەیەکی ئەمریکی بۆ رووداو: شاندەکەمان بەمزووانە بەرەو ئیسلامئاباد بەڕێدەکەوێت

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەکی ئەمریکیی ئاگادار بۆ دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن: شاندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پلانی هەیە لە ئایندەیەکی نزیکدا گەشت بۆ ئیسلامئاباد بکات.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوێنێ رایگەیاند، کە شاندی وڵاتەکەی بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئێران ئەمڕۆ بەرەو پاکستان بەڕێدەکەوێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بەڕێکەوتنیان پشتڕاستنەکراوەتەوە.
 
دڵنیا رەحمان، نێردراوی رووداو بۆ رووماڵی دانوستاندنەکەی ئەمریکا و ئێران لە پاکستان ئاماژەی بەوەدا، ئامادەکاریی تەواو کراوە و هۆتێلی تایبەت بۆ شاندی ئێران دابینکراوە، بەڵام بەشداریکردنی ئەوانیش پشتڕاستنەکراوەتەوە.
 
بەگوتەی چەند بەرپرسێکی ئێران بۆ رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی، مەرجی ئێران بۆ بەشداریکردن لە دانوستاندنەکانی ئیسلامئاباد ئەوەیە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا سەرۆکایەتیی شاندی وڵاتەکەی بکات.
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بڕیارە جەی دی ڤانس رۆژی سێشەممە واشنتن بەرەو ئیسلامئاباد جێبهێڵێت. بەهۆی ئەوەی گەشتەکەی ئەمریکا بۆ پاکستان کاتێکی زۆری پێویستە، شاندە ئێرانییەکە دەرفەتی تەواویان دەبێت بۆ ئەوەی بە کاتی گونجاو لە تارانەوە بگەنە شوێنی دانوستاندنەکان.
 
دووریی نێوان واشنتن دی سی و ئیسلامئاباد 11 هەزار و 400 کیلۆمەترە و گەشتی فڕۆکە لە نێوان 18 بۆ 22 کاژێری پێدەچێت. دووریی نێوان تاران و ئیسلامئابادیش هەزار و 190 کیلۆمەترە و گەشتێکی دوو کاژێر و نیویی فڕۆکەی پێویستە.