بەکارهێنەرانی هواوی ناتوانن ئەپدەیتی ئەندرۆید وەربگرن
رووداو - هەولێر
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی چوارشەممەی رابردوو بڕیارێکی بەپەلەی دەرکرد بۆ رێگریکردن لە خزمەتگوزاری و تەکنۆلۆجیای کۆمپانیا بیانییەکان کە مەترسی بۆ ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا دروستدەکەن، کۆمپانیای هواوی چینی گەورەترین زیانی بەرکەوت.
چەند رۆژێک دوای بریارەکەی سەرۆکی ئەمریکا، کۆمپانیای گووگڵ مامەڵەکانی لەگەڵ کۆمپانیای هواوی پچراند و لەوە بەدواوە سۆفتوێر و خزمەتگوزارییەکانی ناداتە کۆمپانیای هواوی، تەنیا ئەو خزمەتگوزارییانە نەبێت کە گشتین و بەخۆرایی لە بەردەستی هەموو بەکاربەرانن.
دەیڤید وانگ، بەڕێوەبەری بۆردی هواوی رایگەیاند "لەسەر ئاستی جیهاندا، هەندێ وڵات بەهەڵە بابەتی ئاسایشی ئینتەرنێتیان تێکەڵ بە بابەتی سیاسی و ئایدۆلۆجیا کردووە، ئەگەر ئەمە بابەتەکە بێت، ئەوا ئەستەمە پرسی ئاسایشی ئینتەرنێت چارەسەربکرێت، ئەگەر تۆ لە وڵاتێک دەست بخەیتەسەر ئامێر و کەرەستەکانی کۆمپانیایەکی تایبەت و بڵێی ئەوانە سەلامەت نین، ئەمە هەڵوێستێکی سیاسییە".
سەرەرای بڕیارەکەی گووگڵ بۆ وەستاندنی خزمەتگوزارییەکانی بۆ کۆمپانیای هواوی، گوتەبێژی کۆمپانیای گووگڵ رایگەیاند بەکاربەران لەسەر مۆبایلی هواوی دەتوانن بەردەوام بن لە دابەزاندنی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە بەخۆڕایی لەلایەن گووگڵەوە پێشکەش دەکرێن.
گوتەبێژی کۆمپانیای گووگڵ زیاتر روونیدەکاتەوە "ئێمە پابەندین بە بریارەکانی حکومەتی ئەمریکا و چاوخشاندنەوە بە هاوکارییەکانمان لەگەڵ کۆمپانیای هواوی دەکەین. خزمەتگوزاری "گووگڵ پلەی" و " بەرنامەکانی پەیوەست بە پاراستنی "گووگڵ پلەی" لەسەر مۆبایلەکانی ئێستای هواوی لەبەردەست دەبن".
کێشەی سەرەکی هواوی ئاپدەیتی وەگەڕخەری ئەندرۆیدە کە لەلایەن کۆمپانیای گووگڵەوە پێشکەشدەکرێت، کە چیتر نایداتە بەکارهێنەرانی هواوی، بەپێی شرۆڤەکاران، بریارەکەی سەرۆکی ئەمریکا زیانی گەورە لە بازاری کۆمپانیای هواوی دەدات.