یەکەم گرووپی پەناخوازان لە ئەمریکا دوای وەرگرتنی هەزار دۆلار خۆیان دیپۆرتکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا بڵاویکردەوە، یەکەم گرووپی پەناخوازان دوای وەرگرتنی هەزار دۆلار لە بەرامبەر خۆ دیپۆرتکردنەوەیان چوونەوە وڵاتەکانیان. پێدانی پارە لە بەرامبەر خۆ دیپۆرتکردنەوە یەکێکە لە پلانەکانی حکومەتی ئەمریکا بۆ رێگری لە کۆچبەران و دیپۆرتکردنەوەی پەناخوازان.
وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، 64 پەناخوازی کۆڵۆمبی و هندۆراسی وەکو یەکەم گرووپی پەناخوازان دوای وەرگرتنی هەزار دۆلار لە بەرامبەر خۆ دیپۆرتکردنەوەیان چوونەوە وڵاتەکانیان کە 38یان هندۆراسی و 26یان کۆڵۆمبی بوون.
وەزارەتەکە دەڵێت، پەناخوازەکان هاوکارییان بۆ گەڕانەوەیان وەرگرتووە بەبێ ئەوەی رێگری لە ئەگەری چوونەوەیان بۆ ئەمریکا بە شێوەی یاسایی لێبکرێت.
کریستی نۆیم، وەزیری ناوخۆی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا داوای لە پەناخوازە بێ بەڵگەنامەکان کرد سوود لە "پرۆژەی گەڕانەوە بۆ نیشتمان" ببینن و گوتی، "گەڕانەوەت (بۆ وڵاتەکەت) مسۆگەر بکە و پاڵپشتی دارایی وەربگرە". دەشڵێت، "ئەگەر ئەوە نەکەیت، ئەوا دەکرێت سزای ماددی بدرێیت، دەستگیربکرێیت، دیپۆرتبکرێیەوە و هەرگیزیش رێگەی گەڕانەوەت (بۆ ئەمریکا بە یاسایی) پێنەدرێت".
کانوونی دووەمی ئەمساڵ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سوێندی یاسایی خوارد و هەڕەشەی ئەوەی کرد کە پەناخوازە بێ بەڵگەنامەکان دیپۆرتبکاتەوە و سنوورەکانیش دژی کۆچبەران تووند بکات.
لەو کاتەوە ئیدارەی ترەمپ ژمارەیەک رێکاری دژی کۆچبەران گرتووەتەبەر، لەوانە ناردنی هێزی زیاتر بۆ سەر سنوورەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ مەکسیک، دەستگیرکردنی پەناخوازان و دیپۆرتکردنەوەیان بەزۆر.
بە گوێرەی ئاژانسی کاروباری کۆچبەران و جێبەجێکردنی یاسای گومرگ، ئیدارەی ترەمپ زیاتر لە 48 هەزار پەناخوازیان دەستگیرکردووە و لەو ژمارەیە تەنیا لە مانگەکانی شوبات و ئاداردا 23 هەزار و 100یانی دیپۆرتکردووەتەوە.