وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا بۆ رووداو: پێویستە مافی پێکهاتەکانی سووریا پارێزراو بێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا رایگەیاند، پێویستە مافی هەموو پێکهاتەکانی سووریا پارێزراو بێت.
رۆژی سێشەممە 20ی ئایاری 2025 کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی کاروباری دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بە بەشداریی وەزیرانی دەرەوە و وەزیرانی بەرگریی یەکێتییەکە لە برۆکسل بەڕێوەچوو.
کاسپەر ڤیلدکامپ، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا وەڵامی ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداوی لە برۆکسل لەبارەی سووریا دایەوە.
وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا پاراستنی مافی پێکهاتەکانی سووریای بە "زۆر گرنگ" ناوبرد و گوتی، "لە سووریا ژمارەیەکی زۆر پێکهاتەی جیاواز هەن، پێویستە مافی هەریەک لەو پێکهاتانە پارێزراوبی، لەوانە کریستیانەکان، کوردەکان، دروزەکان، عەلەوییەکان و ئیزدییەکان، پێم وایە ئەمە زۆر زۆر گرنگە."
8ی کانوونی یەکەمی رابردوو، دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) دیمەشقی کۆنترۆڵکرد و کۆتایی بە دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد هێنا.
کاسپەر ڤیلدکامپ گوتی، "دەمانەوێت وڵاتەکە داهاتوویەکی هەبێت." ئاماژەی بەوەش کرد، کاتێک پێشکەوتنی ئابووری بەدەست دەهێندرێت کە سزا لەسەر وڵاتەکە نەبن.
رۆژی سێشەممە یەکێتیی ئەورووپا سزا ئابوورییەکانی سەر سووریای هەڵگرت. هەنگاوەکەش دوای ئەوە هات کە هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن سزاکانی سەر سووریا هەڵدەگرێت.
کاسپەر ئەوەشی خستەڕوو، سزاکان هەنگاو بە هەنگاو هەڵدەگیرێن و گوتیشی، گرنگە "رێکاری تووندیش دژی ئەوانە بگیرێتەبەر کە پێشێلی مافەکانی مرۆڤ دەکەن، بە مافی پێکهاتەکانیشەوە".
بەرپرسانی نوێی سووریا لە دوای هاتنە سەر دەسەڵاتییانەوە داوای سووککردن و هەڵگرتنی ئەو سزا نێودەوڵەتییانەیان دەکرد کە دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆیی ئەو وڵاتە سەپێندرابوون.
هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکان مانای وایە یەکێتی ئەورووپا ئەو سنووردارکردنە لادەبات کە ببووەهۆی دابڕینی سووریا لە سیستمی دارایی جیهانی، سامانی بانکی ناوەندیی سووریا قەدەخەی لەسەر لادەدرێ و قەدەخە و سنووردارکردنەکانی سەر کەرتی بازرگانی و دارایی سووریا لادەبرێن.
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا دوای بڕیارەکەی یەکێتی ئەورووپا رایگەیاند، هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکان "ئیرادەیەکی نێودەوڵەتی" نیشاندا بۆ پشتیوانیکردنی دیمەشق.
شەیبانی گوتیشی، "گەلی سووریا ئەمڕۆ هەلێکی زۆر گرنگ و مێژوویی لەبەردەستدایە بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەی."
بەرپرسانی یەکێتی ئەورووپا هۆشداری دەدەن کە رەنگە سزاکانی سەر سووریا بسەپێننەوە، ئەگەر بەرپرسانی دیمەشق بەڵێنەکانیان جێبەجێ نەکەن سەبارەت بە رێزگرتن لە مافی پێکهاتەکان و هەنگاونان بەرەو دیموکراسی.