مەسرور بارزانی لەگەڵ هەردوو سیناتۆر ئەنگس کینگ و جەیمس لانکفۆرد کۆبووەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەردوو سیناتۆر ئەنگس کینگ و جەیمس لانکفۆرد کۆبووەوە و چەند پرسێکیان تاوتوێ کرد.
 
رۆژی سێشەممە 20-05-2025 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە واشنتن لەگەڵ هەردوو سیناتۆر ئەنگس کینگ و جەیمس لانکفۆرد، ئەندامانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا کۆبووەوە.
 
هەردوو سیناتۆر خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا نیشاندا و ستایشی رۆڵی قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەیان لە دژی داعش و پێگەی گرنگی هەرێمی کوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کرد، ئەمەش بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
 
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، باس لە رێککەوتنەکانی بواری وزە کران، کە لە واشنتن واژۆ کران و ئاماژەیان بەوە دا، رێککەوتنەکان دەبنە هۆی پەرەپێدانی ئابووریی نەک تەنیا هەرێمی کوردستان، بەڵکو هەموو عێراق.