یەکێتیی ئەورووپا سزا ئابوورییەکانی سەر سووریا هەڵدەگرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
یەکێتیی ئەورووپا ئەمڕۆ سێشەممە رەزامەندی نیشاندا لەسەر هەڵگرتنی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر سووریا، بە مەبەستی یارمەتیدانی بووژانەوەی ئابووریی ئەو وڵاتە. ئەم هەنگاوە چاوەڕوان دەکرێت کاریگەریی لەسەر دۆخی مرۆیی و ئابووریی سووریا هەبێت کە ساڵانێکە بەدەست شەڕ و گەمارۆکانەوە دەناڵێنێت.
 
بەگوێرەی سەرچاوە دیپلۆماتییەکان، باڵیۆزانی 27 وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی سەرەتایی لەسەر ئەم هەنگاوە ستراتیژییە. بڕیارە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتییەکە لە برۆکسل، بڕیارەکە بە فەرمی رابگەیەنرێت و وردەکاریی زیاتری لەبارەوە بخرێتەڕوو.
 
ئەم هەنگاوەی یەکێتیی ئەورووپا دوای چەندین ساڵ دێت لە سەپاندنی گەمارۆی ئابووری بەسەر سووریادا، کە بەهۆی شەڕی ناوخۆ و ناسەقامگیرییەوە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.
 
ئامانجی سەرەکی لە هەڵگرتنی گەمارۆکان، کردنەوەی دەرفەتە بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی زیاتر و ئاسانکاری بۆ پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و بووژاندنەوەی ژێرخانی ئابووریی سووریا.
 
چاوەڕوان دەکرێت دوای راگەیاندنی فەرمی، روونبکرێتەوە کە هەڵگرتنی گەمارۆکان چ بوارگەلێک دەگرێتەوە و میکانیزمی جێبەجێکردنی چۆن دەبێت. هەروەها، چاودێران چاویان لەسەر کاردانەوەی لایەنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانە سەبارەت بەم بڕیارە نوێیەی یەکێتیی ئەورووپا.
 
ڤیدیۆ ببینە: ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو بڕیارەکەی یەکێتیی ئەورووپا روون دەکاتەوە:

 

 
رۆژی 13-05-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیاری دا سزاکانی سەر سووریا هەڵبگرێت؛ نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازی لە بڕیارەکەی کرد.
  
هەمان رۆژ سەرۆکی ئەمریکا گوتی، خەڵکی سووریا لە چەندین ساڵی رابردوودا مەینەتیی زۆریان چەشتووە، بەڵام "ئێستا حکومەتێکی نوێ هەیە کە ئومێدەوارین سەرکەوتن بەدەستبهێنێت لە سەقامگیرکردنی وڵاتەکە و پاراستنی ئاشتییەکەی".
 
شەڕی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2011 دەستیپێکرد، بەڵام لە 08-12-2024 دەستەی تەحریری شام بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، کە ئەو کات بە ئەبو محەممەد جۆلانی ناسرابوو، لەگەڵ گرووپە چەکدارە نزیکەکانی، کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنا. ئەوەش دوای ئەوەی لە ئەنجامی شەڕی نێوخۆی سووریادا سەتان هەزار کەس کوژران و ملیۆنان کەسی دیکە ئاوارە بوون و کۆچیان کرد.