سکرتێری گشتیی ناتۆ لەبارەی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە: پێشهاتێکی گرنگە

رووداو دیجیتاڵ
 
مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند، بڕیاری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان "پێشهاتێکی گرنگە".
 
رووتە هەروەها ئاشکرایکرد کە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی ئەم هەنگاوە "دەرفەتێکە".
 
سکرتێری گشتیی ناتۆ ئەمڕۆ سێشەممە، 20ی ئایاری 2025، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە برۆکسل، پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا تایبەت بە پرسی بەرگری، ئەم لێدوانەی دا. رووتە گوتی: "بێگومان ئەمە پێشهاتێکی گرنگە. راگەیاندنی پەکەکە بەوەی چەک دادەنێت، بێگومان راگەیێندراوێکی گرنگە."
 
لە 12ی ئایاری ئەمساڵ، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رایگەیاندبوو، کە دوانزەیەمین کۆنگرەی خۆی لەنێوان رۆژانی 5 بۆ 7ی هەمان مانگ ئەنجامداوە و تێیدا بڕیاری چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی داوە.
 
رووتە ئاماژەی بەوەشکرد، "هەفتەی رابردوو سەردانی سەرۆک ئەردۆغانم کرد. هەردوولامان هاوڕا بووین کە ئەمە دەرفەتێکە. لە نزیکەوە چاودێریی دەستپێکردنی گفتوگۆکان دەکەین لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان."
 
پەکەکە دوای کۆنگرەکەی رایگەیاندبوو، "لەسەر بنەمای بانگەوازی 'رێبەر ئاپۆ' (عەبدوڵڵا ئۆجەلان)، بڕیاری گرنگ و مێژوویی سەبارەت بە داهاتووی کارەکانی پەکەکە داوە."
 
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی فەرەنسیش لەبارەی بڕیارەکەی پەکەکەوە بە رووداوی راگەیاند، "فەرەنسا پێشوازی لە راگەیێندراوەکەی 12ی ئایاری پەکەکە دەکات، کە لە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی یەکێتیی ئەورووپادایە، سەبارەت بە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری."
 
لە 27ی شوباتی 2025، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، لە رێگەی شاندی ئیمراڵییەوە بانگەوازێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.