بەریتانیا: دوو فڕۆکەی رووسی رێگرییان لە فڕۆکەیەکمان کردووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا رایگەیاند، دوو فڕۆکەی جەنگیی رووسی مانگی رابردوو "چەندین جار و بە شێوەیەکی مەترسیدار" رێگرییان لە فڕۆکەیەکی چاودێریی بەریتانی کردووە لە دەریای رەش. وەزارەتەکە دەڵێت، ئەمە "جیدیترین" رووداوی لەو شێوەیەیە لە ساڵی 2022ـەوە.
رۆژی چوارشەممە، 20-05-2026، جۆن هیڵی، وەزیری بەرگریی بەریتانیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئەم رووداوە نموونەیەکی دیکەی رەفتاری مەترسیدار و قبووڵنەکراوی فڕۆکەوانە رووسییەکانە بەرامبەر فڕۆکەیەکی بێچەک کە لە ئاسمانی نێودەوڵەتیدا کاردەکات. ئەم کردەوانە گرژی و مەترسیی جیدیی دروست دەکەن."
رووداوەکە لە کاتێکدایە، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەهۆی جەنگی ئۆکراینا و تۆمەتەکانی سیخوڕییەوە لە نزمترین ئاستی مێژووییدایە.
راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا دەڵێ، دوو فڕۆکە رووسییەکە لە جۆرەکانی (سوخۆی-35) و (سوخۆی-27) بوون و رێگرییان لە فڕۆکەی جۆری (Rivet Joint)ـی هێزی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیا (RAF) کردووە.
بەگوێرەی بەریتانیا، لە خاڵێکدا فڕۆکەی (سوخۆی-27)ـەکە تاوەکو نزیکەی شەش مەتر (19 پێ) لە لووتی فڕۆکە بەریتانییەکەوە نزیکبووەتەوە. هەروەها، "یەکێک لە فڕۆکە رووسییەکانی جۆری سوخۆی-35 ئەوەندە نزیکبووەتەوە کە بووەتە هۆی کارکردنی سیستمەکانی باری لەناکاو لە فڕۆکە بەریتانییەکەدا، لەنێویاندا لەکارخستنی سیستمی ئۆتۆپایلۆت (فڕۆکەوانی ئۆتۆماتیکی)."
وەزارەتەکە دەشڵێ، "لە رێگرییەکی مەترسیداری دیکەدا، فڕۆکەیەکی رووسیی جۆری سوخۆی-27 شەش جار بە بەردەم فڕۆکە بەریتانییەکەدا تێپەڕیوە."
فڕۆکە چاودێرییەکە لە گەشتێکی ئاساییدا بووە لە ئاسمانی نێودەوڵەتیدا، وەک بەشێک لە کاری بەریتانیا لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشی بەری رۆژهەڵاتی ناتۆ.
بەرپرسان رایانگەیاند، ئەمە جیدیترین رووبەڕووبوونەوەیە کە فڕۆکەیەکی (Rivet Joint)ـی بەریتانی تێوەگلابێت لە ساڵی 2022ـەوە. لەو رووداوەدا، فڕۆکەیەکی رووسی لە هەمان ناوچەدا مووشەکێکی لە نزیک فڕۆکەیەکی بەریتانییەوە تەقاندبوو.
جۆن هیڵی رایگەیاند، رووداوەکە "پابەندیی بەریتانیا بۆ بەرگریکردن لە ناتۆ، هاوپەیمانانمان و بەرژەوەندییەکانمان لە دەستدرێژیی رووسی ساردناکاتەوە."
ئەو رووبەڕووبوونەوە ئاسمانییە چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت، هیڵی رایگەیاندبوو، هێزی دەریایی شاهانە شوێنەواری سێ ژێردەریایی رووسی هەڵگرتووە و "دووریخستوونەتەوە" کە گومانی "ئۆپەراسیۆنێکی نهێنی"ـی یەک مانگەیان لێدەکرا لە ئاوی ئەتڵەسی "لە باکووری بەریتانیا" لە نزیک کێبڵ و بۆرییە ژێردەریاییە گرنگەکان.
هیڵی لە 9ـی نیساندا هۆشداریی دابووە ڤلادیمیر پووتین، کە هەر هەوڵێک بۆ زیانگەیاندن بە کێبڵ و بۆرییەکانی بەریتانیا "دەرەنجامی جیدی"ـی دەبێت.
وەزارەتی بەرگری و دەرەوەی بەریتانیا ئەم هەفتەیە بە فەرمی سکاڵایان لەسەر رووداوە ئاسمانییەکە گەیاندووەتە باڵیۆزخانەی رووسیا.