ترەمپ وردەکاریی هۆڵی بۆنەکانی کۆشکی سپی رادەگەیێنێت
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترهمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پەردەی لەسەر نهێنییەکانی ئەو هۆڵە گەورەیە لادا کە بۆ سازکردنی بۆنەکان لە کۆشکی سپی دروست دەکرێ. ترهمپ دەیەوێ ئەم شوێنە ببێتە جێگەیەکی پارێزراو بۆ رێوڕەسم و بۆنە گەورەکان، بەڵام داواکردنی یەک ملیار دۆلار لە پارەی گشتی بۆ پاراستنی ئەو پڕۆژەیە، ناڕەزایەتی لێکەوتووەتەوە.
ترهمپ دەڵێ: "تێچووی دروستکردنی هۆڵەکە 400 ملیۆن دۆلارە و بە پاڵپشتی کەسە دەوڵەمەندەکان و کەرتی تایبەت دابین کراوە"، بەڵام بۆ پاراستنی هۆڵەکە و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانەکەی، داوای 1 ملیار دۆلاری لە پارەی گشتی (پارەی باجدەران) کردووە بۆ ئەوەی رادەستی دەزگەی نهێنی بکرێ.
دیموکراتەکان و تەنانەت هەندێک لە کۆمارییەکانیش بە تووندی دژی ئەم داواکارییەن. ئەوان دەڵێن، لە کاتێکدا هاووڵاتیانی ئەمریکا بەهۆی جەنگی ئێران و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنییەوە لەژێر گوشاری ئابووریی توونددان، خەرجکردنی 1 ملیار دۆلار لە پارەی گشتی بۆ ئەم پڕۆژەیە "زیادەڕۆییەکی بێ سوودە".
بنکەی درۆن و نەخۆشخانەی سەربازی لە ژێر زەویدا
بەپێی پلانەکە، سەقفی هۆڵەکە بە جۆرێک دروست دەکرێ کە بەرگەی هێرشی درۆنی و ئاسمانی بگرێ و تیتانیۆمی بەهێز لە دروستکردنی دیوارەکانیدا بەکاردەهێنرێ کە تەنانەت شۆفڵیش ناتوانێت بیڕوخێنێت.
لە ژێر هۆڵەکەدا، کۆمەڵگەیەکی گەورە هەیە کە 6 نهۆم دەچێتە ناخی زەوی و ئێستا کارکردن لە دوو نهۆمی دەستی پێکردووە. ئەم بەشە ژێر زەوینییە نەخۆشخانەیەکی سەربازی و ناوەندی لێکۆڵینەوەی لەخۆ گرتووە.
یەکێک لە بەشە هەرە جیاوازەکانی ئەم هۆڵە، بوونی بنکەیەکی گەورەی درۆنە لەسەر سەقفەکەی. ترهمپ دەڵێت: "تەواوی سەقفی ئەم بینایە بۆ کاروباری سەربازی بونیات نراوە و شوێنی ژمارەیەکی بێ سنوور لە درۆنی تێدا دەبێتەوە. شوێنەکە نەک تەنیا بەرگەی هێرشی درۆنی دەگرێ، ئەگەر درۆنێکیش لێی بدات، هیچ زیانی پێ ناگەیێنێت و ئەمە دەبێتە دەروازەیەکی سەربازی بۆ پاراستنی تەواوی واشنتن."
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە پەنجەرەکانی هۆڵەکە 4 ئینج ئەستوورن و لە جۆرە شووشەیەکی تایبەت دروست کراون کە " کە زۆر بەهێزە."
دۆناڵد ترهمپ ساڵی رابردوو فەرمانی تێکدانی "باڵی رۆژهەڵاتی"کۆشکی سپی دا، کە لە ساڵی 1902 و لە سەردەمی سەرۆکایەتی تیۆدۆر رۆزفێڵت بونیات نرابوو، تاوەکو لە شوێنەکەیدا ئەم هۆڵە نوێیە دروست بکات.
رێکخراوی نیشتمانی بۆ پاراستنی مێژوو سکاڵای یاسایی دژی ئەم پڕۆژەیە تۆمار کردووە و دەڵێ، نە سەرۆک و نە فەرمانگەی نیشتمانی، بێ رەزامەندیی فەرمیی کۆنگرێس دەسەڵاتی تێکدانی ئەم شوێنە مێژووییەیان نییە .
هەرچەندە دادگە لە مانگی نیساندا رێگەی دا کارەکان بەردەوام بن، بەڵام کێشە یاساییەکان هێشتا کۆتاییان نەهاتووە. ترهمپ بەڵێنی داوە ئەم هۆڵە کە جێگەی 1,000 کەسی تێدا دەبێتەوە، تاوەکو سێپتێمبەری 2028، واتە لە کۆتاییەکانی خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی، تەواو بکرێ.