ناتۆ: کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە ئەورووپا کاریگەری لەسەر پلانە ئەمنییەکانمان نابێت


رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی باڵای سەربازیی هاوپەیمانیی ناتۆ رایدەگەیێنێت، کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا لە ئەورووپا نابێتە هۆی پەکخستنی پلانە ئەمنییەکانی هاوپەیمانێتییەکە و دەڵێت، پێشبینی ناکەن لە ماوەیەکی نزیکدا واشنتن بڕیاری کشانەوەی زیاتر بدات.
 
ژەنراڵ ئەلێکسیوس گرینکیوچ، فەرماندەی ناتۆ لە ئەورووپا لە برۆکسل بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "ئەو هێزانەی تاوەکو ئێستا راگەیێندراون، هەموو ئەو هێزانەن کە پێشبینی دەکەین لە ماوەیەکی نزیکدا بکشێنەوە." ئاماژەی بەوەش کرد کە دووبارە جێگیرکردنەوەی هێزە ئەمریکییەکان پرۆسەیەکی بەردەوام دەبێت و رەنگە چەندین ساڵ بخایەنێت تاوەکو ئەورووپییەکان توانای بەرگریی خۆیان بونیاد دەنێنەوە.
 
ئەم لێدوانانەی فەرماندەکەی ناتۆ لە کاتێکدان، هاوپەیمانە ئەورووپییەکان بە نهێنی گوشار دەکەن بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی کە بڕیارەکەی دۆناڵد تره‌مپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کشانەوەی بەشێکی سەربازەکانیان لە ئەورووپا دروستی کردوە. تره‌مپ بڕیاریداوە لانیکەم پێنج هەزار سەرباز لە ئەڵمانیا بکشێنێتەوە.
 
ئەم بڕیارەی سەرۆکی ئەمریکا وەک کاردانەوەیەک دێت بەرامبەر بە رەخنەکانی فریدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا لە جەنگی ئێران و هاوکارینەکردنی ئەورووپا بۆ ئەمریکا لە پاراستنی ئاسایشی تەنگەی هورمز.
 
دۆخی ئەمنیی ئەورووپا و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتوونەتە لووتکە. رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و تاران بە هێرش بۆ سەریان و وڵاتانی دراوسێ وەڵامی دایەوە. لە 2ی ئاداریشەوە، تاران تەنگەی هورمزی داخستووە و هەوڵەکانی واشنتن بۆ کردنەوەی تەنگەکە تاوەکو ئێستا بێ ئەنجام بوون.
 
بەپێی زانیارییەکانی دوو دیپلۆماتکاری ناتۆ، 32 ئەندامەکەی هاوپەیمانییەکە ئەرکی دۆزینەوەی جێگرەوەی ئەورووپییان بۆ ئەو سەرباز و کەرەستە سەربازییانە سپاردووەتە ژەنراڵ گرینکیوچ.
 
نیگەرانییە سەرەکییەکە لە کشانەوەی یەکەیەکی موشەکیی مەودادورە لە ئەڵمانیا، کە گۆڕینی بە هێزێکی ئەورووپی پێویستی بە پێنج ساڵ کات هەیە. شارەزایانی سەربازیش هۆشداری دەدەن کە هەرچەندە جێگرتنەوەی مرۆیی ئاسانە، بەڵام جێگرتنەوەی کەرەستە قورسەکانی وەک تانک و زرێپۆشەکان لە ماوەیەکی کورتدا "ئەستەمە".
 
لە لایەکی دیکەوە، پیت هیگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا پلانی رەوانەکردنی چوار هەزار سەربازی بۆ پۆڵەندا هەڵوەشاندەوە، کە ئەمەش وارشۆی تووشی سەرسوڕمان کرد.
 
بەڵام ڤلادیسلاو کۆسینیاک کامیش، وەزیری بەرگریی پۆڵەندا دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ هیگسەس لە واشنتن رایگەیاند، بڕیارەکان بە هیچ شێوەیەک دژی هاوبەشییە ستراتیژییەکەیان نییە و پێنتاگۆن خەریکی ئامادەکردنی پلانێکی نوێیە بۆ بڵاوەپێکردنی هێزەکانی لە ئەورووپا.
 
ژەنراڵ گرینکیوچ لە کۆتایی لێدوانەکەیدا جەختی کردەوە، هەرچەندە پێنج هەزار سەرباز لە ئەورووپا دەکشێنەوە، بەڵام ئەم بڕیارە کاریگەریی لەسەر جێبەجێکردنی پلانە هەرێمییەکانی ناتۆ نابێت.