فەرەنسا: ناتوانین بڵێین مین لە تەنگەی هورمز دانراوە
رووداو دیجیتاڵ
کاسرین ڤۆترین، وەزیری بەرگریی فەرەنسا دەڵێ، بە تەواوی دڵنیا نین کە ئایا لە تەنگەی هورمزدا مین دانراوە یان نا. ئەم گومانەی فەرەنسا لە کاتێکدایە، میدیاکانی ئەمریکا بڵاویان کردووەتەوە کە لانیکەم 20 مین لە تەنگەی هورمزدا دۆزراونەتەوە.
وەزیری بەرگریی فەرەنسا رۆژی چوارشەممە، 20ی ئایاری 2026 بە رادیۆی (فەرەنسا ئینفۆ)ی راگەیاند: "هیچ دڵنیاییەکم نییە، بەڵام خۆمان بۆ ئەگەری لابردنی مینەکان لە تەنگەکە ئامادە دەکەین."
کاسرین ڤۆترین ئاماژەی بەوەش کرد، چەندین کەشتی بۆ ناوچەکە رەوانە دەکرێن وەک بەشێک لە ئەرکێکی داهاتووی هاوبەشی فەرەنسا و بەریتانیا.
23-4-2026 رۆژنامەی (واشنتن پۆست) بڵاویکردبووەوە، گومان دەکرێ ئێران 20 مین یان زیاتری لەنێو تەنگەکە و دەورووبەری دانابێ. هەندێک لەو مینانە تەکنەلۆژیای "جی پی ئێس"یان تێدایە و بە شێوەیەکی زیرەک دەتوانن لەژێر ئاودا بجووڵێن، ئەمەش دۆزینەوە و لەنێوبردنیان زۆر قورس دەکات .
بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامەکە، بەرپرسانی پێنتاگۆن لە ئاگادارکردنەوەیەکی نهێنیدا ئەندامانی لیژنەی هێزە سەربازییەکانی کۆنگرێسیان ئاگادارکردوەتەوە کە تەنانەت ئەگەر جەنگیش کۆتایی بێت، پاککردنەوەی ئەم رێڕۆ ئاوییە کاتێکی زۆری دەوێ.
بەڵام شۆن پارنێڵ، گوتەبێژی پێنتاگۆن، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس نێوەڕۆکی راپۆرتەکەی واشنتن پۆستی رەتکردەوە و گوتی: "داخرانی تەنگەی هورمز بۆ شەش مانگ کارێکی ئەستەمە و بۆ وەزیری جەنگ بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە." پارنێڵ دەڵێ، زانیارییەکان بە هەڵە گوێزراونەتەوە.
سەرەڕای ئەم رەتکردنەوەیە، کۆمپانیا گەورەکانی گواستنەوەی دەریایی وەک (هاپانگ لۆید)ی ئەڵمانی، نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە و دەڵێن، تاوەکو دڵنیایی تەواو لە نەبوونی مین وەرنەگرن، کەشتییەکانیان نانێرنە تەنگەکە.
تەنگەی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕۆ ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە. جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە کۆتایی شوباتی 2026 دەستی پێکرد و یەکێک لە ئەنجامەکانی، تێکچوونی ئاسایشی کەشتیوانی بوو لە کەنداو.