روبیۆ بەڵێنی قۆناخێکی نوێ بە خەڵکی کوبا دەدات و هێرش دەکاتە سەر سەرکردایەتیی وڵاتەکە
رووداو دیجیتاڵ
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیامێکی ڤیدیۆیی تایبەتدا "رێگایەکی نوێ"ـی پێشکێشی کوبییەکان کرد. لەلایەکی دیکە، چاوەڕوان دەکرێ واشنتن بەفەرمی تۆمەتی تاوانکاری ئاراستەی رائول کاسترۆ، سەرکردەی پێشووی دوورگەکە بکات.
رۆژی چوارشەممە، 20-05-2026، روبیۆ کە دایک و باوکی خۆی کوبیین، بە زمانی ئیسپانی و راستەوخۆ رووی لە گەلی کوبا کرد و سەرکردایەتیی کۆمۆنیستیی وڵاتەکەی بە دزی، گەندەڵی و سەرکوتکردن تۆمەتبار کرد.
روبیۆ گوتی: "سەرۆک دۆناڵد ترەمپ رێگەیەکی نوێ لەنێوان ئەمریکا و کوبایەکی نوێدا پێشکێش دەکات. کوبایەکی نوێ کە تێیدا دەرفەتی راستەقینەتان هەبێت بۆ هەڵبژاردنی ئەوەی کێ وڵاتەکەتان بەڕێوەدەبات و دەنگ بدەن بۆ گۆڕینیان ئەگەر کاری باش نەکەن."
گرژییەکانی نێوان واشنتن و هاڤانا لە مانگەکانی دواییدا زیادیکردووە، ئەمە دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا نیکۆلاس مادورۆ، هاوپەیمانی کوبایان لە ڤەنزوێلا لابرد و دواتریش گەمارۆیەکی وزەی ئازاربەخشیان بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاند.
روبیۆ گوتی، "لە ئەمریکادا، ئامادەین قۆناخێکی نوێ لە پەیوەندیی نێوان گەلەکانمان و وڵاتەکانماندا بکەینەوە. ئێستا تاکە شت کە رێگرە لە بەردەم داهاتوویەکی باشتردا، ئەوانەن کە وڵاتەکەتان کۆنترۆڵ دەکەن."
لە گوتارەکەیدا، روبیۆ کۆمپانیای گایسا (Gaesa)ـی تۆمەتبار کرد، کە گرووپێکی پاڵپشتیکراوی سەربازییە و وا خەمڵێنراوە نزیکەی 40%ـی ئابووریی کوبا کۆنترۆڵ دەکات، بەوەی کە لەسەر شان و پشتی هاووڵاتییانی ئاسایی، خەڵکێکی دەستەبژێر دەوڵەمەند دەکات.
چاوەڕوان دەکرێ وەزارەتی دادی ئەمریکا ئەمڕۆ چوارشەممە تۆمەتی تاوانکاری دژی رائول کاسترۆی تەمەن 94 ساڵ رابگەیەنێت. سی بی ئێس نیوز رایگەیاندبوو، تۆمەتبارکردنەکە لەسەر خستنەخوارەوەی دوو فڕۆکەی سڤیل دەبێت لە ساڵی 1996ـدا کە لەلایەن فڕۆکەوانە دژە کاسترۆکانەوە دەفڕین.