ترەمپ: تووڕەییەکی زۆر لە ئێراندا هەیە و هیچ پەلەی رێککەوتنم نییە

 
رووداو دیجیتاڵ
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە هەڕەشەی لە ئێران کرد و رایگەیاند، "رەنگە ناچار بین گورزێکی گەورەی دیکە"ـی لێبدەن و ئاشکرای کرد، رۆژی دووشەممە تەنیا "کاژێرێک" مابوو بڕیاری هێرشکردن بدات. ترەمپ لە گوتارێکدا بۆ رۆژنامەڤانان گوتی، تووڕەییەکی زۆر لە ئێران هەیە.
 
لەبارەی دانوستاندنەکانەوە، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پەلەی لە گەیشتن بە رێککەوتن نییە، سەرەڕای نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی نیوەخول. ترەمپ گوتی: "خەڵک وا بیردەکاتەوە، هەڵبژاردنی نیوەخولە بۆیە پەلەمە؟ من پەلەم نییە."
 
ترەمپ ئامانجی سەرەکیی خۆی لە دانوستاندنەکاندا خستەڕوو و گوتی: "من تەنیا حەزدەکەم ژمارەیەکی کەمی خەڵک بکوژرێن، نەک ژمارەیەکی زۆر. دەتوانین بە هەردوو شێوەکە بیکەین، بەڵام حەزدەکەم ژمارەیەکی کەمی خەڵک بکوژرێن." ئەو مەرجی کردنەوەی تەنگەی هورمزیشی دووپاتکردەوە و گوتی، "دەبێت تەنگەکە بکەنەوە، دەستبەجێ بکرێتەوە."
 
دۆناڵد ترەمپ شانازیی بە کەمبوونەوەی ژمارەی قوربانییەکانی سوپای ئەمریکاوە کرد لە جەنگی ئێراندا و بەراوردی کرد بە جەنگە درێژخایەنەکانی پێشووی وڵاتەکەی.
 
ترەمپ گوتی: "19 ساڵ لە ڤێتنام بووین. لە ئەفغانستان و شوێنەکانی دیکە 10 ساڵ بوو. لە عێراق 12 ساڵ. لە کۆریا بۆ ماوەی 7 ساڵ، سەدان هەزار سەربازتان لەم جەنگە جیاوازانەدا لەدەستدا. من بۆ ماوەی 3 مانگە لەمەدام [جەنگی ئێران] و زۆربەشی ئاگربەست بووە."
 
سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "لە دوو جەنگدا، ڤەنزوێلا کە هیچ کەسمان لەدەستنەدا و لێرە [لە ئێران]، 13 کەسمان لەدەستداوە."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ تیشکی خستە سەر دۆخی ناوخۆی ئێران وەک یەکێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی سیاسەتەکەی و پێیوابوو گوشارەکان کاریگەرییان هەبووە و گوتی، "ئێستا تووڕەییەکی زۆر لە ئێران هەیە، چونکە خەڵک زۆر بە خراپی دەژین. ورووژانێکی زۆر هەیە کە پێشتر ئەوەندەمان نەبینیوە و با بزانین چی روودەدات."