سەرۆکوەزیرانی هیندستان هۆشداری دەداتە چین: سوپاکەمان دەستی کراوەیە
رووداو - هەولێر
سەرۆکوەزیرانی هیندستان رایدەگەیێنێت وڵاتەکەی "بریندار و توڕە" یە لەدوای ئەوەی کە 20 سەربازیان لە شەڕێکی سەر سنوور بەدەستی سەربازانی چین کوژران. هۆشداریشی بە چین داوە کە سوپای وڵاتەکەی هەموو دەسەڵاتێکی پێدراوە تاوەکو وەڵامی هەر هێرشێکی نوێ بدەنەوە.
نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا ئاماژە بەوە دەکات، لە رێگەی دانوستاندنی دیپلۆماسی لەسەر ئەو رووداوە پەیامی خۆیان بە چین گەیاندووە.
رۆژی سێشەممەی هەفتەی رابردوو لە شەڕ و پێکدادانێکدا لەنێوان سوپای چین و هیندستان لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات 20 سەربازی هیندی کوژران بەبێ ئەوەی فیشەکێک تەقێنرابێ.
سەرەتا هیندستان کوژرانی سێ سەربازی راگەیاند، بەڵام دواتر گوتی، ژمارەی ئەوانەی کوژراون 20 سەربازن. هاوکات 10 سەربازیان بەدیلگیراون کە دووانیان ئەفسەر بوون و 18 سەربازیش بەهۆی سەختی برینەکانیان لە نەخۆشخانە خەوێندراون.
سەرۆکوەزیرانی هیندستان دەڵێت، چین سنووری وڵاتەکەیانی بەزاندووە و "پاراستنی سەروەریی خاکی وڵات گرنگترین ئەرکی هیندستانییەکانە".
ناکۆکییەکانی نێوان چین و هیندستان
هیندستان و چین بە درێژایی چوار هەزار و 56 کیلۆمەتر سنوور لەنێوانیاندا هەیە، لەسەر ئەو سنوورە لە 20 شوێن ناکۆکییان هەیە و شوێنەکان بە ناوچەی جێناکۆک ناسراون، کە هەردوو وڵات خۆیان بە خاوەنیان دەزانن، لەنێویاندا هەرێمی لاداخ لە کشمیر.
مێژووی ئەو ناکۆکییانە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1947، کە بەدەر لە چین و هیندستان، هاوکات پاکستانیش بەشێک لە خاکی ئەم هەرێمە بە هی خۆی دەزانێت و لەگەڵ هیندستان ناکۆکن.
حکومەتی هیندستان چین بە داگیرکردنی زیاتر لە 38 هەزار کیلۆمەتر دووجا لە لاداخ تۆمەتباردەکات و دەڵێت، سوپای چین هەوڵدەدات خۆی بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنێت، چینیش لەگەڵ ئەوەی ئەوە رەتدەکاتەوە، هاوکات سوپای هیندستان بە بەزاندنی سنوور تۆمەتباردەکات و زۆرجاریش لەسەر ئەوە رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە و دەبێتە شەڕیان.
لەماوەی چەند ساڵی رابردوو، هەردوو وڵات هەوڵیانداوە پرۆژە لەو ناوچەیە بکەن و هەژموونی خۆیان بەسەر ناوچەکەدا زیاتر بکەن، ئەوەش ناکۆکییەکانی نێوانی قوڵترکردووەتەوە.
ئەو ناوچەیە هەستیارترین ناوچەی ناکۆکە لەنێوان دوو وڵاتی بەهێز و گەورە کە لە رووی زۆریی ژمارەی دانیشتووان لەسەر ئاستی جیهان لە پلەی یەکەم و دووەم دێن و زۆرجار شەڕوپێکدادان لەنێوان سوپاکانیان روویداوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە بۆ نزیکەی 40 ساڵە، واتە لە شەڕەکەی ساڵی 1962 تاوەکو ئێستا هیچ گولـلەیەک لە ناوچەکە نەتەقێنراوە و شەڕەکان لە رێگەی دارو بەردو بۆکسەوە دەکرێن.
پێکدادانی چین و هیندستان
لە ساڵی 1975ـەوە هیچ سەربازێکی هیندی لە پێکدادانی نێوان ئەو دوو وڵاتەدا نەکوژراون، لە ساڵی 1967یشەوە ئەوە یەکەمجارە ئەو ژمارە زۆرەی سەرباز لە پێکدادانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بکەونەوە.
حکومەتی چین لایەنی هیندی بەوە تۆمەتبار دەکات کە سەربازەکانیان سنووریان بەزاندووە، حکومەتی نیو دلهیش لایەنی چینی بەوە تۆمەتبار دەکات کە دەیانەوێ دۆخی ناوچەکە بگۆڕن. کاردانەوەکانی ئەو شەڕە گەیشتە ئەمریکا و مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە پشتی هیندستانی گرت لەو پرسەدا.
هیچکام لە وڵاتان سنووری ئێستای نێوانیان قبووڵ نییە، کە دەکەوێتە باکووری هیندستان و باشووری رۆژئاوای چین، بەڵام هەردوولایەن ئەو ناوچەیە بە "هێڵی کۆنتڕۆڵی بەکردەوە" ناودەبەن. لە 2017 چین هەوڵیدا رێگەیەک بە ناو ناوچە جێناکۆکەکاندا دروستبکات، بەڵام تووشی بەرپەرچدانەوەی هێزە هیندییەکان بووەوە. لەو کاتەوە هەردوو وڵات بنکەی سەربازییان لەو ناوچەیە دروستکردووە.
چین و هیندستان خاوەن زۆرترین دانیشتووانن بە جۆرێک کە 36%ـی کۆی دانیشتووانی زەوی لەو دوو وڵاتە دەژین. هەروەها هەردوو وڵاتیش خاوەنی چەکی ئەتۆمین و بەردەوامبوونی ئاڵۆزییەکانی نێوانیان کاریگەری لەسەر تەواوی ناوچەکە دەبێت.
چین نزیکەی دوو ملیۆن و 545 هەزار سەربازی هەیە، بودجە سەربازییەکەی ساڵانە دەکاتە زیاتر لە 170 ملیار دۆلار. لە بەرامبەریشدا هیندستان نزیکەی دوو ملیۆن و 200 هەزار سەربازی هەیە و بودجەی سەربازییەکەشی ساڵانە دەکاتە نزیکەی 65 ملیار دۆلاری ئەمریکی.