بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە ئەڵمانیا خواستی لەسەر گواستنەوەی گشتی زیادکردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بەشێک لە خەڵکی ئەڵمانیای بێزارکردووە و پلانیان هەیە سوود لە هۆکاری گواستنەوەی گشتی بۆ هاتووچۆ وەربگرن.
برێند مۆلەر، هاووڵاتیی خانەنشین دەڵێت، "لە مانگی تشرینی یەکەم یان تشرینی دووەمدا ئۆتۆمبێلەکەم دەفرۆشم. بە مووچەی خانەنشینی و ئەو نرخە زۆرەی بەنزین کە هەیە، دەبێت شتێک کەمبکەینەوە."
ئێستا لە ئەڵمانیا نرخی هەر لیترێک بەنزین دوو دۆلار و دوو سەنتە؛ حکومەتی ئەڵمانیا باجی سەر بەنزینی بە بڕی 35 سەنت و باجی سەر گازوایلیشی بە بڕی 17 سەنت هەڵگرتووە، بەڵام ئەوە بەرزبوونەوەی نرخی نەوەستاندووە.
بۆ سووککردنی باری سەر شانی هاووڵاتییان، حکومەت بلیتی شەمەندەفەری بە بڕی 9 یۆرۆ داشکاندووە، ئەوەش وێستگەکانی شەمەندەفەری قەرەباڵخ کردووە.
لارس ڤاگنەر، سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی گواستنەوەی ئەڵمانیا دەڵێت، "ئێستا زیاتر لە 25 ملیۆن بلیت بەردەستن. دەبینیت کە خواستێکی ئێجگار زۆر هەیە و خەڵکی ئێجگار زۆر ئاسوودەن بەم ئۆفەرە."
چینیفێر هێرمان، سەرنشین دەڵێت، "بلیتم کڕیوە، چونکە لەم دەوروبەرە دەژیم و بێگومان بە شەمەندەفەر بڕۆم زۆر هەرزانتر دەوەستێت تاوەکو هەفتەی جارێک ئۆتۆمبێلەکەم پڕ بەنزین بکەم."
شەڕی ئۆکراینا هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینە لە ئەوروپا؛ دابەزینی بەهای یۆرۆش بەرامبەر دۆلار وایکردووە، نرخی سووتەمەنی لە ئەوروپا زیاتر بەرز ببێتەوە.
لە مانگی ئایاردا هەڵاوسان لە ئەڵمانیا گەیشتە 7.9%، ئەوەش بەرزترین ئاستە لەدوای ساڵی 1973وە؛ نرخی بەنزینیش هۆکارێکی سەرەکیی ئەو هەڵاوسانەیە.