گوتێرێز داوا لە وڵاتان دەکات چەکدارەکانی داعش و کەسوکاریان لە سووریا بگەڕێننەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستخۆشی لە عێراق دەکات لە بەرامبەر گەڕاندنەوەی هاووڵاتییەکانیان لە کەمپ و زیندانەکانی سووریا و داوا لە وڵاتانی بیانی دەکات، ئەوانیش پەلە لە گەڕاندنەوەی هاووڵاتییەکانیان بکەن.
گوتێرێز رۆژی دووشەممە لە نیویۆرکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکدا لە بارەی تیرۆر گوتی: "دەستخۆشی لە عێراق و وڵاتانی دیکە دەکەم کە هاووڵاتییەکانیان لە کەمپەکان گەڕاندوونەتەوە و بانگەوازی خۆم دووپات دەکەمەوە بۆ ئەوەی هەموو وڵاتانی دیکەی ئەندام وەکو کارێکی لەپێشینە و بەپەلە یارمەتیدەر بن لە خێراکردنی گەڕاندنەوەی" چەکدارەکانی داعش و کەسوکاریان، "ئەمە پەیوەندیی بە رەوشت و بەزەیی مرۆڤایەتییەوە هەیە، هەروەها پەیوەندیی بە ئاسایشەوە هەیە."
هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە هاوبەشی سەرەکیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشن لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و ساڵی 2019 بە کۆنتڕۆڵکردنەوەی باغۆز، سەرکەوتنیان بەسەر داعشدا راگەیاند. زیاتر لە 10 هەزار چەکداری داعش و 50 هەزار کەسوکاریان، ماوەی چەندین ساڵە لە زیندان و کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان خراونەتە ژێر چاودێرییەوە.
بەگوێرەی رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ، 37 هەزار کەسی بیانی لە کەمپەکانی هۆڵ و رۆژدان لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش مەزەندە دەکات، چەکدارەکانی داعش لە پێنج هەزاری سووری، سێ هەزاری عێراقی و دوو هەزاری بیانی پێكبێن.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتان دەبێت رووبەڕووی ئەو "بارودۆخە بنەڕەتییانەی وەک هەژاری ببنەوە کە دەبنە هۆی دروستبوونی تیرۆر،" بۆ ئەوەی رێگری لە بڵاوبوونەوەی تووندوتیژی بکەن.
گوتێرێز گوتیشی: "لە کاتێکدا ئێمە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا هەندێک دەستکەوتی بەرچاومان بەدەستهێناوە، تیرۆر و تووندڕەوی لە رەگداکوتان و گەشەکردن بەردەوامە." گۆتێرێز داوای لە وڵاتان کرد "بە یەک دەست دژی ئەم هەڕەشە جیهانییە بوەستن".
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتیشی، "لقەکانی قاعیدە و داعش لە ئەفریقا بە خێرایی لە شوێنەکانی وەک ساحل خاک بەدەستدێنن و بەرەو باشوور دەڕۆن بۆ کەنداوی گینیا،" هەروەها ئاماژەی بە "دڕندایەتیی" داعش لە عێراق و سووریا کرد.
گۆتێرێز هەروەها گوتی: "بزووتنەوەی نازییە نوێیەکان و سپیپێستە خۆسەپێنەکان بە خێرایی دەبنە هەڕەشەی سەرەکیی سەر ئاسایشی نێوخۆی ژمارەیەک وڵات."
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەوە کردەوە، هزروبیری پەڕگیری سوود لەو قەیرانانە دەبینێت کە بەرۆکی جیهانیان گرتووە، لە قەیرانی خۆراک و وزەوە تا دەگاتە گۆڕانی کەشوهەوا و بڵاوبوونەوەی رق و کینە لەسەر ئینتەرنێت.
گۆتێرێز پێیوایە دەبێت سەرنجیان لەسەر کاریگەرترین رێگە بێت "بۆ کۆتاییهێنان بەم هەڕەشەیە، کە ئەویش خۆپاراستنە. خۆپاراستن تەنیا بە واتەی ئەوە نایەت هێرشەکان شکستیان پێ بهێنرێت و نەخشەڕێژییەکان پووچەڵبکرێنەوە. بەڵکو بە واتەی چارەسەرکردنی ئەو بارودۆخە بنەڕەتیانەیە کە دەتوانن لە پلەی یەکەمدا ببنە هۆی تیرۆر، وەک هەژاری، جیاکاری، ناڕەزایی، لاوازی ژێرخان و دامەزراوەکان و پێشێلکارییە گەورەکانی مافەکانی مرۆڤ."