زیلینسکی: رووسیا هەوڵدەدات بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران رزگار بکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئۆکراینا هەڵوێستی رووسیای لە بەرگریکردن لە ئێران بە "کارێکی بێشەرمانە" ناوبرد و جەختی کردەوە، ئەمە نیشانەی لاوازیی گوشارە جیهانییەکانە و داوای هەنگاوی تووندتر و یەکگرتوویی دژی مۆسکۆ دەکات.
رۆژی پێنجشەممە، 19ـی حوزەیرانی 2025، ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە گرتە ڤیدیۆیەکدا گوتی، بەکارهێنانی درۆنە ئێرانییەکانی جۆری شاهید و تەقەمەنیی کۆریای باکوور لەلایەن رووسیاوە، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە هاوپەیمانەکانی کیێڤ گوشاری پێویستیان نەخستووەتە سەر مۆسکۆ.
سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێستا رووسیا هەوڵدەدات بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران رزگار بکات. هیچ روونکردنەوەیەکی دیکەی گونجاو نییە بۆ ئاماژە ئاشکراکان و چالاکییە نهێنییەکانیان لەمبارەیەوە."
زیلینسکی پێی وایە بە بێهێزبوونی ئێران، رووسیاش لاواز دەبێت و گوتی، "کاتێک یەکێک لە هاوکارەکانیان توانای هەناردەکردنی جەنگی لەدەستدەدات، رووسیا لاواز دەبێت و هەوڵی دەستوەردان دەدات. ئەمە زۆر بێشەرمانەیە و چەندینجار دەیسەلمێنێتەوە کە نابێت رێگە بدرێت رژێمە شەڕانگێزەکان یەکبگرن و ببنە هاوبەش."
وەکو ئەو باسی دەکات، کاتێک رووسیا چەک لە تاران و پیۆنگیانگەوە هاوردە دەکات، "ئەوە ئاماژەیەکی روونە کە هاوسۆزیی جیهان و گوشاری جیهانی بەپێی پێویست بەهێز نین."
رووسیا ئەم ساڵ هاوبەشییەکی ستراتیژی لەگەڵ ئێران واژۆ کرد. مۆسکۆ هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێرانی سەرکۆنە کردووە و ئامادەیی خۆی بۆ نێوەندگیری نیشانداوە.
گوتەکانی زیلینسکی لەکاتێکدان، رۆژی هەینی، 2025، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملین) بە سکای نیوزی گوت، کاردانەوەی رووسیا "زۆر نەرێنی" دەبێت، ئەگەر عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران بکوژرێت.
پێشنیازەکانی ڤلادیمیر پووتین بۆ نێوەندگیری و کۆتاییهێنان بە ململانێکە تاوەکو ئێستا لەلایەن ترەمپەوە رەتکراونەتەوە.
ترەمپ رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، بە سەرۆکی رووسیای گوتووە "نێوەندگیریی [ململانێی] خۆت بکە"، وەک ئاماژەیەک بۆ جەنگی رووسیا دژی ئۆکراینا.
رووسیا و ئێران پەیوەندییەکی ستراتیژییان لەنێوانیاندا هەیە، ئەم پەیوەندییەش لە ساڵی 2025دا لە رێگەی رێککەوتنێکی هاوبەشیی 20 ساڵەوە قووڵتر بووەتەوە کە بوارەکانی بەرگری، وزە، گواستنەوە و ئاسایشی سایبەری دەگرێتەوە.
لە رووی سەربازییەوە، ئێران درۆن و مووشەک بۆ شەڕەکەی رووسیا لە ئۆکراینا دابین دەکات، لە کاتێکدا مۆسکۆ پشتیوانیی تەکنەلۆژیی سنووردار پێشکێش دەکات و خۆی لە پێدانی چەکی پێشکەوتوو دەپارێزێت، بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو ئاڵۆز نەبێت.