واشنتن داوا لە دیمەشق دەکات رێگری لە "کۆمەڵکوژی" لە باشووری سووریا بکات

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە دەسەڵاتدارانی دیمەشق کرد رێگری لە چوونەژوورەوەی چەکدارانی "جیهادی" بۆ باشووری سووریا و روودانی "کۆمەڵکوژی" بکەن. جەختی لەوە کردەوە، پێویستە دەستبەجێ شەڕی نێوان گرووپە دروز و دەشتەکییەکان [بەدەوییەکان] بوەستێنرێت.
 
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە 20-07-2025 لە ئێکس نووسی: "ویلایەتە یەکگرتووەکان لە سێ رۆژی رابردوودا بە چڕی لەگەڵ ئیسرائیل، ئوردن و دەسەڵاتدارانی دیمەشق لەسەر پێشهاتە ترسناک و مەترسیدارەکانی باشووری سووریا لە پەیوەندیدا بووە."
 
روبیۆ هەروەها نووسیویەتی: "بە تووندی سەرکۆنەی دەستدرێژی و سەربڕینی خەڵکی بێتاوان دەکەم، کە هێشتا بەردەوامە" و "پێویستە کۆتایی پێبێت".
 
روبیۆ مەرجێکی بۆ دەسەڵاتدارانی دیمەشق داناوە و دەڵێت: "ئەگەر دەیانەوێت هەر دەرفەتێک بۆ بەدیهێنانی سووریایەکی یەکگرتوو، گشتگیر و ئاشتیخوازانە کە لەژێر کۆنترۆڵی داعش و ئێراندا نەبێت بهێڵنەوە، دەبێت لە رێگەی بەکارهێنانی هێزە ئەمنییەکانیانەوە رێگری لە چوونەژوورەوەی داعش و هەر جیهادییەکی دیکە بۆ ناوچەکە و روودانی کۆمەڵکوژی بکەن."
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای کردووە، "پێویستە لێپرسینەوە لە هەر کەسێک بکەن کە تاوانی دڕندانەی کردووە و بیاندەنە دادگە، تەنانەت ئەگەر لەناو ریزەکانی خۆشیاندا بن."
 
پارێزگەی سوەیدا، کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی دروزن، هەفتەیەکە بووەتە گۆڕەپانی تووندوتیژیی خوێناوی. پێکدادان لە 13ـی تەممووزەوە لەنێوان دروزەکان و عەشایەری دەشتەکیی سوننەدا سەریان هەڵدا و بە خێرایی حکومەتی سووریا و ئیسرائیلی راکێشایە ناو ململانێکەوە.
 
بەپێی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ژمارەی کوژراوان لەم پێکدادانانەدا گەیشتووەتە 940 کەس، کە سەدان هاووڵاتی سڤیلیش لەنێویاندا هەن و 87,000 کەسیش ئاوارە بوون.