پووتین و راوێژکارێکی باڵای خامنەیی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران تاوتوێ دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملین) رایگەیاند، ڤیلادمیر پووتین، سەرۆکی ئەو وڵاتە لەگەڵ عەلی لاریجانی، راوێژکاری باڵای رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانیان تاوتوێ کردووە.
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین گوتی، لاریجانی "هەڵسەنگاندنی دۆخی تەنگژەداری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بابەتی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی" بۆ سەرۆکی رووسیا خستووەتەڕوو.
پێسکۆڤ دەڵێت، پووتین "هەڵوێستی ناسراوی رووسیای لە بارەی رێگەکانی هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە و چارەسەرکردنی سیاسیانەی پرسی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران" بە لاریجانی راگەیاند.
کۆبوونەوەکە نزیکەی مانگێک دوای وەستانی جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل دێت کە 13ی حوزەیران دەستیپێکرد و تێیدا ئیسرائیل هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمی و پێگە سەربازییەکانی ئێران. هەروەها ئەمریکا لە 22ی حوزەیران بە بۆردوومانکردنی سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێران، چووە نێو جەنگەکە.
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی ئەڵمانی بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە کە بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بەنیازن دەست بە گەڕی نوێی دانوستاندن لەگەڵ ئێران بکەنەوە.
هاوکات میدیای ئێرانی بڵاویکردەوە، تاران رازیبووە لەگەڵ سێ وڵاتە ئەورووپییەکە دەست بە گفتوگۆی ئەتۆمی بکاتەوە.
هەفتەی رابردوو، رووسیا سەرکۆنەی هەواڵێکی میدیای ئەمریکی کرد کە باسی لەوە کردبوو، گوایە پووتین داوای لە ئێران کردووە دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم بێت بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەمریکا رێکبکەوێت.
وڵاتانی رۆژئاوا و ئیسرائیل ئێران تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە هەوڵی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی دەدات، لە کاتێکدا تاران بەردەوام تۆمەتەکە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ئامانجی تەنیا دروستکردنی وزەی کارەبا و تاقیکردنەوەی زانستی و پزیشکییە.
ناکۆکیی گەورەی نێوان ئێران و ئەمریکا لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆمە. تاران پێداگرە لەسەر ئەوەی کە مافی خۆیەتی لەنێو خاکەکەی مادەکە بپیتێنێت، واشنتنیش ئەوە بە "هێڵی سوور" دادەنێت.