خاچی سووری ئیتاڵیا بۆ رووداو: ئەم ساڵ 30 هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە دوورگەی لامپێدوزا
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی خاچی سووری ئیتاڵیا بە رووداوی راگەیاند، ئەم ساڵ 30 هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە دوورگەی لامپێدوزا.
رۆژی چوارشەممە 20ی ئابی 2025 نووسینگەی راگەیاندنی خاچی سووری ئیتاڵیا لە وەڵامی دێسکی نێودەوڵەتیی رووداو رایگەیاند، "لە کانوونی دووەمی 2025ـەوە لە لامپێدوزا پێشوازیمان لە 30 هەزار کۆچبەر کردووە." ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو ژمارەیە نزیکە لە هەمان ژمارەی 2024 و کەمترە لە ئاماری 2023" لە هەمان ماوەدا.
بەگوێرەی نووسینگەکە، زۆرینەی ئەو کۆچبەرانەی دەگەنە دوورگەکە، خەڵکی وڵاتانی ئەفریقان و بەلەمەکانیش لە لیبیاوە بەڕێکەوتوون.
دوورگەکە 815.53 کیلۆمەتر لە نزیکترین خاکی ئیتاڵیاوە و 296.66 کیلۆمەتر لە سنووری لیبیاوە دوورە.
نووسینگەکە لە وەڵامی رووداو دا ئاماژەی بە مەترسیی ئەو رێگەیە کرد و گوتی، رۆژی چوارشەممەی رابردوو بەلەمێکی کۆچبەران بە نزیکەی 90 سەرنشینەوە ژێرئاو کەوت.
نووسینگەکە ئاماژەی بەوەش کرد، دوای ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکە، تیمەکانیان بە هانای کۆچبەرەکانەوە چوون و "60 کۆچبەری خەڵکی ژمارەیەک وڵات رزگارکران و 23شیان خنکان." جەختی لەوەش کردەوە، "کۆچبەرە رزگارکراوەکان تەندروستییان باشە و گوێزراونەتەوە بۆ شارۆچکەی پۆرتۆ ئێمپدۆکلس."
شارۆچکەی ئێمپدۆکلس لە باشووری ئیتاڵیایە و ژمارەی دانیشتووانەکەی 15 هەزار و 600 کەسە.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی ئیتاڵیا، ئەم ساڵ تاوەکو رۆژی 14ی ئایار، 19 هەزار کۆچبەر چوونەتە ئیتاڵیا.