بەریتانیا و عێراق رێککەوتنی دیپۆرتکردنەوەی پەناخوازان واژۆ دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی بەریتانیا رێککەوتنێکی نوێی لەگەڵ حکومەتی عێراق واژۆ کرد بۆ خێراکردنی پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەی ئەو پەناخوازانەی عێراق و باشووری کوردستان کە مافی مانەوەیان لەو وڵاتەدا نییە.
 
رۆژی چوارشەممە، 20ـی ئابی 2025، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، هەریەک لە وەزیری ناوخۆی بەریتانیا و بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق رێککەوتنێکی نوێیان واژۆکرد کە تایبەتە بە دەستپێکردنی پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەی ئەو پەناخوازە عێراقی و کوردانەی باشووری کوردستان کە مافی مانەوەیان لە بەریتانیا رەتکراوەتەوە. 
 
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو رێککەوتنە نوێیە میکانیزمێکی فەرمی دادەمەزرێنێت بۆ بە خێراییکردنی پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەی ئەو پەناخوازانەی هیچ مافێکی یاساییان نییە لەنێو خاکی بەریتانیا بمێننەوە.
 
سەبارەت بەو رێککەوتنە نوێیە، حکومەتی بەریتانیا ئەوەشی رایگەیاندووە، "ئەمە کاریگەری هاریکاریی نێوان هەردوو وڵات لە بواری بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاساییدا نیشان دەدات." 
 
رێککەوتنەکە لەلایەن دان جارڤیس، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا و بریکاریی وەزیری دەرەوەی عێراق، واژۆ کراوە.
 
ئەم رێککەوتنە لەسەر بنەمای هەوڵەکانی پێشووی هەردوو وڵات بووە بۆ هاریکاریکردنی یەکتر لە بەرەنگاربوونەوەی باندەکانی قاچاخچێتی و رێگریکردن لە پەڕینەوەی کۆچبەران بەشێوەکی نایاسایی و بە بەلەمی بچووك لەرێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە.
 
بەگوێرەی ئاماری حکومەتی بەریتانیا، لەسەرەتای ئەم ساڵەوە، زیاتر لە 27 هەزار کۆچبەری نایاسایی روویان لە بەریتانیا کردووە و بەراورد بە هەمان ماوەی پار، نزیکەی 18 هەزار کۆچبەر زیاترە.
 
پارتی پارێزگارانی ئۆپۆزیسیۆنی بەریتانیا رێککەوتنە نوێیەکەی لەندەن و بەغدا، بە "فێڵێک" وەسف دەکات و رایانگەیاندووە "بۆ ئەوە داڕێژراوە تاوەکو رێکارەکان تووند دەرکەون لە کاتێکدا ژمارەی هاتنی کۆچبەران بەردەوام لە هەڵکشاندایە." 
 
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، ژمارەی ئەو کۆچبەرە عێراقییانەی لە 12 مانگی رابردوودا روویان لە بەریتانیا کردووە هەزار و 900 کەس بووە. 
 
بەڵام وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەش کردووە، هەموو ئەو عێراقییانەی بە بەلەمی بچووك چوون ناگەڕێندرێنەوە، چونکە هەندێکیان رەنگە کەیسەکانیان سەرکەوتوو بێت و مافی مانەوەیان پێبدرێت، ئەگەر بتوانن بیسەلمێنن کە لە وڵاتی خۆیان رووبەڕووی سەرکوتکاریی و پێشێلکاریی دەبنەوە.
 
لەماوەی مانگی ئاداری 2024 بۆ 2025، نزیکەی 26٪ـی ئەو عێراقییانەی بە بەلەم خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا، مافی پەنابەرییان پێدراوە.
 
ساڵی رابردوو، حکومەتی بەریتانیا رێککەوتنێکی بە بەهای 800 هەزار پاوەند لەگەڵ عێراق واژۆ کرد بەمەبەستی بەهێزکردنی جێبەجێکردنی یاسا و ئاسایشی سنوورەکانی عێراق، کە ئامانج لێی بەرەنگاربوونەوەی باندی قاچاخچییەکانی عێراق و باشووری کوردستان بووە، ئاماژەش بەوە کراوە کە زۆربەی تۆڕی قاچاخچێتییەکان لە سەرانسەری ئەورووپا دا لەلایەن کوردانی باشووری کوردستانەوە، بەڕێوەدەبرێن.