پێشێلکردنی ئاسمانی ئیستۆنیا لەلایەن رووسیاوە گرژییەکانی نێوان ناتۆ و مۆسکۆ قووڵتر دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئیستۆنیا و هاوپەیمانێتی ناتۆ رایانگەیاند، سێ فڕۆکەی جەنگیی رووسی لە جۆری میگ-31 بەبێ مۆڵەت و بۆ ماوەی 12 خولەک، سنووری ئاسمانیی وڵاتەکەیان پێشێل کردووە. ئەم رووداوە، لە نزیک دوورگەی ڤاینلۆ لە کەنداوی فینلاند روویداوە و کاردانەوەی تووندی ناتۆ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لێکەوتووەتەوە.
وردەکاریی رووداوەکە
وەزارەتی بەرگریی ئیستۆنیا رایگەیاند، فڕۆکە رووسییەکان لە 19ی ئەیلوولدا چووبوونە نێو سنووری ئاسمانی وڵاتەکەی و بۆ ماوەی 12 خولەک مابوونەوە. ناتۆ دەستبەجێ وەڵامی داوەتەوە و رایگەیاند، رێگرییان لە فڕۆکە رووسییەکان کردووە و گوتەبێژی ناتۆش دەڵێت، "ئەمە نموونەیەکی دیکەیە لە هەڵسوکەوتی بێباکانەی رووسیا و توانای ناتۆ بۆ وەڵامدانەوە."
کاردانەوەی تووند لە ئیستۆنیا و ناتۆ
لە وەڵامی ئەم پێشێلکارییەدا، ئیستۆنیا دیپلۆماتکارێکی رووسیای بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی کرد. مارگوس ساکنا، وەزیری دەرەوەی ئیستۆنیا ئەو رووداوەی بە چوارەمین پێشێلکاریی ئاسمانیی رووسیا بە درێژایی 11 مانگی ئەم ساڵ ناوبرد و بە "بێباکانە" وەسفی کرد.
ساکنا جەختی لەوە کردەوە، پێویستە وەڵامی "پێشێلکاری و تووندوتیژییەکانی رووسیا بە گوشاری سیاسی و ئابووری بدرێتەوە."
لە هەنگاوێکی دیکەدا، ئیستۆنیا داوای کاراکردنی ماددەی 4ی هاوپەیمانێتیی ناتۆی کردووە، کە رێگە بە وڵاتانی ئەندام دەدات هەر کاتێک یەکپارچەیی خاک، سەربەخۆیی سیاسی، یان ئاسایشیان لە مەترسیدا بێت، کێشەکە بخەنە بەردەم ئەنجوومەنی ناتۆوە و بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بۆ تاوتوێکردنی رووداوەکە، وڵاتانی ناتۆ کۆببنەوە.
مۆسکۆ تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە
لە بەرامبەردا، وەزارەتی بەرگریی رووسیا هەموو جۆرە تۆمەتێک بەرامبەر بەوەی پێشێلکاریی ئاسمانی ئیستۆنیای کردووە، رەتدەکاتەوە.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، رێڕەوی فڕۆکەکانیان بە پلان بووە، پابەندی تەواوی یاسا نێودەوڵەتییە ئاسمانییەکان بوون و پێشێلی ئاسمانی هیچ وڵاتێکیان نەکردووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی مۆسکۆ، "فڕۆکەکان بەسەر سنوورە ئاوییەکانی دەریای باڵتیکدا فڕیون، لە رێڕەوی ئاسایی خۆیان لایاننەداوە و هیچ پێشێلکارییان لە سنووری وڵاتانی دیکە نەکردووە."
هۆشدارییە نێودەوڵەتییەکان
ئەم رووداوە کاردانەوەی بەرفراوانی نێودەوڵەتیی لێکەوتووەتەوە، بەتایبەتی لەلایەن سەرکردەکانی وڵاتانی رۆژئاوا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دا بەوەی مەترسی هەیە "پێشێلکارییەکە کێشەی گەورەتری لێبکەوێتەوە و خۆشحاڵ نییە بە بینینی ئەو پێشێلکاریانە."
یاڤێت کووپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ ئیستۆنیا دەربڕی، رووداوەکەی بە "دەستدرێژییەکی بێباکانەی دیکە بۆ سەر ئاسمانی وڵاتانی ناتۆ" ناوبرد.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا ئەو هەنگاوەی رووسیای بە "قبووڵ نەکراو" و "هەڵمەتێکی سیستماتیکیی رووسیای دژی ئەورووپا، ناتۆ و رۆژئاوا" وەسف کرد، داواشی کرد رۆژئاوا وەڵامێکی سیستماتیکیی رووسیا بدەنەوە.
ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، جەختی لەوە کردەوە "بە تووندی وەڵامی هەر گرژییەک دەدەینەوە" و داوای پەسندکردنی سزای نوێی دژی رووسیا کرد.
کایا کاڵاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی ئەورووپا هۆشداریی دا، بەوەی "پووتین خۆڕاگریی رۆژئاوا تاقیدەکاتەوە و نابێت لاوازی نیشان بدەین."
لێکەوتە هەرێمییەکان و هەڕەشەکان
ئەو رووداو و پێشێلکارییانە لە کاتێکدایە، گرژییەکانی نێوان رووسیا و وڵاتانی رۆژئاوا لە زیادبووندایە. لە چەند هەفتەی رابردوودا، رۆمانیا و پۆڵەندا، کە هەردووکیان ئەندامی ناتۆن، مۆسکۆیان تۆمەتبار کردووە بەوەی بە هەمان شێوەی ئیستۆنیا، فڕۆکەکانی رووسیا ئاسمانی وڵاتەکانیانی پێشێلکردووە.
سوێدیش وێنەی فڕۆکەیەکی جەنگیی رووسیای بڵاوکردەوە و دوای جێهێشتنی ئاسمانی ئیستۆنیا بەسەر دەریای باڵتیکدا فڕیوە.
لێکۆڵینەوەی پەیمانگای لێکۆڵینەوەی جەنگ (ISW)ی بەریتانی هۆشداریدا، بەوەی رووسیا هەڵمەتێکی زانیاریی دژی فینلاند دەستپێکردووە، کە هاوشێوەی ئەو ستراتیژییەیە، پێش هێرشەکانی ئۆکرانیا لە ساڵی 2022 بەکاریهێنا. ئەمەش نیگەرانییەکان لەسەر ئاسایشی سنوورەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی ئەورووپا زیاتر کردووە.