ترەمپ کارتی زێڕینی ئەمریکای بە ملیۆنێک دۆلار دیاریکرد و کرێی ڤیزای کاریشی زیاد کرد
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا دوو فەرمانی جێبەجێکردنی واژۆ کرد کە بە شێوەیەکی بەرچاو سیاسەتی کۆچبەری لە ئەمریکا دەگۆڕن. فەرمانی یەکەم پرۆگرامی ڤیزای کارتی زێڕینە و تایبەتە بە وەبەرهێنەرە دەوڵەمەندەکان، لە کاتێکدایە فەرمانی دووەم بڕێکی زیاتر دەسەپێنێت بەسەر داواکارانی ڤیزای کارکردن لە ئەمریکا.
"کارتی زێڕین: ڤیزایەکی خێرا بۆ دەوڵەمەندەکان"
بەپێی فەرمانە نوێیەکەی ترەمپ، پرۆگرامی نوێی "کارتی زێڕین" رێگە بەو هاووڵاتییە بیانییانە دەدات کە لانیکەم یەک ملیۆن دۆلار دەدەنە وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا، ئەمەش پڕۆسەی وەرگرتنی ڤیزای ئەمریکایان بۆ خێراتر دەکات. بۆ کۆمپانیاکانیش، ئەگەر بڕی دوو ملیۆن دۆلار بدەن، دەتوانن سپۆنسەری هەر کەسێک بکەن، تاوەکو ببێتە خاوەنی کارتی زێڕینی ئەمریکا.
وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا رایگەیاندووە، نزیکەی 80 هەزار کارتی زێڕین بەردەست دەبێت و پرۆگرامەکە هێشتا لە قۆناخی جێبەجێکردندایە.
هاوارد لوتیک، وەزیری بازرگانیی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، خاوەن کارتی زێڕین دوای پشکنینی ورد لەلایەن وەزارەتەکانی دەرەوە و ئاسایشی نیشتمانی و پێدانی بڕی 15 هەزار دۆلار بۆ پشکنین، وەکو دانیشتووی هەمیشەیی یاسایی ئەمریکا، ناسراو بە هەڵگری "کارتی سەوز" یان "گرین کارد"، هەژمار دەکرێن.
ئەم بەرنامەیە شوێنی ڤیزاکانی جۆرەکانی EB-1 و EB-2 دەگرێتەوە، کە پێشتر تایبەت بوون بە کەسانی "دەستڕەنگین و لێهاتوو." لەوبارەیەوە وەزیری بازرگانی دەڵێت، "بەخشینی ملیۆنێک دۆلار بە ئەمریکا بەڵگەیەکی باشە لەسەر بەها و نرخی ئەو کەسە."
سەرەڕای کارتی زێڕین، ئیدارەی ترەمپ بیر لە پێشکێشکردنی "کارتی پلاتینۆم" دەکاتەوە بە بڕی پێنج ملیۆن دۆلار، کە رێگە بە داواکار دەدات بۆ ماوەی 270 رۆژ لە ئەمریکا بمێننەوە بەبێ پێدانی باج لەسەر داهاتەکانیان کە لە دەرەوەی ئەمریکا بەدەستیان هێناوە.
بەڵام ئەم بەرنامەیە هیچ ئاسانکارییەک بۆ بەدەستهێنانی وڵاتینامەی ئەمریکا ناکات و بۆ پەسندکردنی بەرنامەکەش، پێویستی بە بڕیاری کۆنگرێسە.
"100 هەزار دۆلار بۆ ڤیزای کار"
لە فەرمانێکی دیکەدا، ترەمپ بڕی پێدانی ڤیزەی کارکردنی لە ئەمریکا زیاد کرد و 100 هەزار دۆلاری سەپاند بەسەر ئەو کەسانەی داوای ڤیزای کار دەکەن، کە بە ڤیزای (H-1B) ناسراوە.
ئەو ڤیزایە، تایبەتە بەو کەسانەی دەیانەوێت لە ئەمریکا مافی کارکردنیان هەبێت و رێگە بە دەیان هەزار کەس دەدات تاوەکو 6 ساڵ لە ئەمریکا بژین و کار بکەن.
رەخنەگرانی ئەو بڕیارە نوێیەی ئیدارەی ترەمپ دەڵێن، ئەو ڤیزایانە رێگە بە خاوەنکارەکان دەدات مافی کرێکارانی بیانی پێشێل بکەن و بە مووچەیەکی کەمتر لە کرێکارە ئەمریکییەکان دایان بمەزرێنن.
لە بەرامبەردا، لایەنگرانی بەرنامەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، ئەو گۆڕانکارییە گرنگە، بەتایبەتی لە بواری تەکنەلۆجیادا، بەوەی کاتێک دۆزینەوەی کرێکارانی خۆماڵی لەو بوارەدا قورس دەبێت. کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک ئەمازۆن، هەزاران داواکاریی بۆ هێزی کاری بیانی پێشکێش دەکەن و داهاتی زیاتر بۆ ئەمریکا دابین دەکەن.