هێرشی ئەلیکترۆنی کرایە سەر چەند فڕۆکەخانەیەکی گەورەی ئەورووپا

رووداو دیجیتاڵ

هێرشی ئەلیکترۆنی بووە هۆی پەکخستنی بەشێک لە خزموتگوزارییەکانی چەند فڕۆکەخانەیەکی گەورەی ئەورووپا، لەوانەش برۆکسل، لەندەن و بەرلین. هێرشەکە کراوەتە سەر سیستمەکانی پشکنین (check-in) و دانانی جانتا، بەو هۆیەشەوە چەند گەشتێک دواخراون و هەڵوەشاونەتەوە.

رۆژی شەممە 20-09-2025 کۆڵینز ئێرۆسپەیس، دابینکەری خزمەتگوزاریی فڕۆکەخانەکان، هێرشەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، "ئاگاداری هێرشێکی ئەلیکترۆنین بۆ سەر بەرنامەی میوز (MUSE) لە چەند فڕۆکەخانەیەکی دیاریکراو."

کۆمپانیاکە رایگەیاند، لە رێگەی پشکنینی دەستی، دەتوانن ئاست و کاریگەریی کێشەکە کەم بکەنەوە.

فڕۆکەخانەی برۆکسل رایگەیاند، دوای هێرشەکە 10 گەشت هەڵوەشانەوە و 17ـی دیکەش بۆ ماوەی کاژێرێک دواخران.

لە فڕۆکەخانەی برۆکسل پشکنینی جانتا بە دەست دەکرێت. 

فڕۆکەخانەی هێسرۆ لە لەندەن، کە قەرەباڵخترینی ئەورووپایە، یەکێکە لەوانەی هێرشەکەی کراوەتەسەر. فڕۆکەخانەکە رایگەیاند، هەردوو سیستمی پشکنین و دانانی جانتا تووشی "کێشەیەکی تەکنیکی" بووە و "لەوانەیە چەند گەشتێک دوابخرێن."

لە فڕۆکەخانەی بەرلین ئاگادارییەک لەسەر شاشە پیشاندرا و نووسرا، "بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی لە سیستمی دابینکردنی خزمەتگوزاری، کاتی چاوەڕوانیکردنی لە پشکنین درێژتر دەبێتەوە."

تاوەکو ئێستا سەرچاوەی هێرشەکە و زیانەکانی بەتەواوی روون نەبوونەتەوە.