ئەنجوومەنی ئاسایش دەنگی بە گەڕانەوەی سزاکان بۆ سەر ئێران دا؛ 'پابەند نابین'
رووداو دیجیتاڵ
دوای چەندین مانگ لە گوشاری وڵاتانی ئەورووپا؛ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگی بە گەڕاندنەوەی سزای ئابووریی بەرفراوان بۆ سەر ئێران دا.
مەرجی بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا بۆ درێژکردنەوەی هەڵپەساردنی سزاکان ئەوە بوو، ئێران ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم کەمبکاتەوە، دەستبەرداری ئەو بڕەش بێت کە بە رێژەی 60٪ پیتاندوویەتی، هەروەها کامێراکانی چاودێریی لە بنکە ئەتۆمییەکانی بخاتەوەکار و رێگە بە پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بدات، بێ بەربەست، پشکنین لە بنکە ئەتۆمییەکانی بکەن.
باربارا ودوارد، باڵیۆزی بەریتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "جێگەی داخە ئێران تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە ئەو هەنگاوانە بنێت کە داوای لێدەکەین. شانشینی یەکگرتوو پابەند دەمێنێتەوە بە چارەسەرێکی دیپلۆماسی."
نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارەکەی سەرکۆنە کرد و بە نایاسایی ناویبرد.
ئەمیر سەعید ئیرەڤانی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوەی یەکگرتووەکان لەوبارەوە رایگەیاند، "هەنگاوەکەی ئەمڕۆ پەلەی تێداکراوە، ناپێویستە و نایاساییە. ئێران دان بە هیچ پابەندییەک بۆ جێبەجێکردنی دانانێت."
27ی ئەم مانگە، وادەی وڵاتانی ئەورووپا بۆ رێککەوتن لەگەڵ ئێران کۆتایی دێت. ئەگەر لەم چەند رۆژەدا لە گەڵی رێکنەکەون، ئەوا لە 28ی مانگ، سزای تووندی ئابووری بەسەر ئێراندا دەسەپێندرێنەوە.
دۆرۆسی شیا، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی گەڕانەوەی سزاکانەوە ئاماژە بەوە دەدات، "بێ هیچ هەنگاوێکی دیکەی ئەنجوومەن، سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران کە پێش ساڵی 2015 هەبوون، دەگەڕێنەوە. بەڵام ئەمە رێگر نییە لە دیپلۆماسی."
رووسیا و چین رەخنەیان لە هەنگاوی کاراکردنی گەڕانەوەی سزاکان گرت و کشانەوەی ئەمریکایان لە ساڵی 2018 لە رێککەوتنی ئەتۆمی، بە هۆکاری شکستهێنانی رێککەوتنەکە زانی.
ڤاسیلی نێبێنزیا، باڵیۆزی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەوبارەیەوە رایگەیاند، "گوشارخستنە سەر وڵاتێکی خاوەن سەروەری لە رێگەی چاوسوورکردنەوەی سیاسی و هێزیی سەربازیی دڕندانە، بەدڕەشتییە، نە بنیاتنەرە و نە یاسایی."
ئیسرائیل پێشوازی لە بڕیارەکە کرد. جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل گوتی، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەرگیز رێگە بە ئێران نەدات چەکی ئەتۆمی بەدەست بێنێت.