لەگەڵ چڕبوونەوەی هێرشەکانی رووسیا، زیلینسکی لەگەڵ ترەمپ کۆدەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، ئەم هەفتەیە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆدەبێتەوە. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ چڕبوونەوەی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر وڵاتەکەی.
 
زیلینسکی رۆژی شەممە رایگەیاند، رووسیا هێرشێکی هەرە گەورەی کردووەتە سەر وڵاتەکەی و شەوی رابردوو 40 مووشەک و نزیکەی 580 درۆنی ئاراستەی ئۆکراینا کردووە، کە بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم سێ کەس و برینداربوونی دەیانی دیکە.
 
پارێزگاری هەرێمی سامارای باشووری رۆژئاوای رووسیا رایگەیاند، هێرشێکی ئۆکراینا بووەتە هۆی کوژرانی چوار دانیشتووی ناوچەکە، کە بە یەکێک لە کوشندەترین هێرشەکانی ئۆکراینا دادەنرێت لەوەتەی لە ساڵی 2022ـەوە جەنگ دەستیپێکردووە.
 
زیلینسکی گوتی، لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ ترەمپ لە نیویۆرک، باسی گەرەنتییە ئەمنییەکان بۆ ئۆکراینا و سزا سەپێنراوەکانی سەر رووسیا دەکات.
 
ئۆکراینا سوورە لەسەر وەرگرتنی گەرەنتیی ئەمنیی بەپشتیوانیی رۆژئاوا بۆ رێگریکردن لە هێرشەکانی داهاتووی رووسیا. 
 
بەڵام ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، هۆشداریی داوە کە هەر هێزێکی رۆژئاوایی لە ئۆکراینا جێگیر بکرێت، قبووڵکراو نابێت و دەبێتە ئامانجی رەوای هێرشەکانی رووسیا.
 
هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنانی خێرا بە جەنگەکە، شکستیان هێناوە و رووسیاش ئەگەری کۆبوونەوەی نێوان پووتین و زیلینسکی رەتکردووەتەوە، کە کیێڤ پێیوایە تاکە رێگەیە بۆ گەیشتن بە ئاشتی.
 
زیلینسکی گوتی: "چاوەڕێی سزای زیاتر دەکەین ئەگەر هیچ کۆبوونەوەیەک لەنێوان سەرکردەکاندا روونەدات، یان بۆ نموونە ئاگربەست رانەگەیێنرێت."
 
زیلینسکی هەروەها گوتی: "ئێمە ئامادەین بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پووتین. من لەمبارەیەوە قسەم کردووە، چ بەشێوەی دووقۆڵی یان بە سێقۆڵی. بەڵام ئەو ئامادە نییە."
 
سەبارەت بە دوایین هێرشی ئاسمانیی رووسیا، زیلینسکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نووسی: "مووشەکێکی هەڵگری تەقەمەنیی هێشوویی راستەوخۆ بەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون کەوت لە شاری دنیپرۆی نێوەڕاستی وڵات."
 
زیلینسکی وێنەی ئۆتۆمبێل و باڵەخانەیەکی بڵاوکردەوە کە ئاگریان گرتبوو، لەگەڵ تیمەکانی فریاگوزاری کە خەریکی گواستنەوەی کەسێک بوون لەنێو داروپەردووی رووخاودا.
 
سێرگی لیساک، پارێزگاری هەرێمی دنیپرۆپێترۆڤسک رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکاندا کەسێک کوژراوە و لانیکەم 30 کەسی دیکە بریندار بوون، کە یەکێکیان دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە.
 
شەڕی تووند
 
ئەم هێرشانە رۆژێک دوای ئەوە دێن کە سێ فڕۆکەی جەنگیی رووسیا ئاسمانی ئیستۆنیایان بەزاند، کە ئەندامی ناتۆیە و دەکەوێتە باڵی رۆژهەڵاتی هاوپەیمانییەکەوە؛ هەرچەندە مۆسکۆ ئەو تۆمەتەی رەتکردەوە.
 
بەڵام ئەمە لە رۆژئاوا ترسی دروستکردووە و بە "ورووژاندنێکی نوێی مەترسیدار" سەیر دەکرێت، دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو پۆڵەندا رایگەیاند، نزیکەی 20 درۆنی رووسی بەسەر خاکەکەیدا فڕیون.
 
زیلینسکی جارێکی دیکە داوای "چارەسەری هاوبەش"ی کرد بۆ خستنەخوارەوەی درۆنەکان لە ئاسمانی ئۆکراینادا "بە هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی دیکە."
 
رووسیا رۆژی شەممە رایگەیاند، هێزەکانی گوندی بێرێزۆڤیان لە هەرێمی دنیپرۆپێترۆڤسک کۆنترۆڵکردووە.
 
زیلینسکی ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەرێمی خارکیڤی باکووری رۆژهەڵات "جووڵەی چڕ" لە ناوچەی سەرەکیی کوپیانسک هەیە، کە ناوەندێکی هێڵی شەمەندەفەرە و ئۆکراینا لە هێرشێکی ساڵی 2022دا کۆنترۆڵی کردبووەوە.
 
لە رووسیا، ڤیاچیسلاڤ فێدۆریشچێڤ، پارێزگاری سامارا رایگەیاند: "شەوی رابردوو لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنی دوژمندا" چوار کەس کوژراون.
 
بەرپرسەکە پێشتر رایگەیاندبوو کە "دامەزراوەکانی سووتەمەنی و وزە" کراونەتە ئامانج، بێ ئەوەی ئاستی زیانەکان باس بکات.
 
دەستەی سوپاسالاری گشتیی ئۆکراینا رایگەیاند: "ئامانجە ستراتیجییەکانی رووسیای دەستدرێژیکار کراونەتە ئامانج" و ئاماژەی بەوەشکرد کە هێزەکانیان "زیانیان" بە پاڵاوگەی نەوتی ساراتۆڤ گەیاندووە و هێرشیان کردووەتە سەر پاڵاوگەی نەوتی نۆڤۆکویبیشێڤسک لە هەرێمی سامارا.
 
سەرچاوەیەک لە دەزگای ئاسایشی ئۆکراینا (SBU) رایگەیاند، هێرشە درۆنییەکانی ئۆکراینا "کارکردنی ژمارەیەک وێستگەی نەوتیان لە رووسیا راگرتووە."
 
سەرچاوەکە گوتی: "ئەم ژێرخانە قازانجی زەبەلاحی دۆلاری نەوت بۆ بوودجەی رووسیا دابین دەکات، کە شەڕی دژی ئۆکراینای پێ بەڕێوەدەبات. کارکردن بۆ رێگریکردن لەم سەرچاوە داراییانە بەردەوام دەبێت."
 
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی "149 درۆنی ئۆکراینییان لە شەودا خستووەتەخوارەوە و تێکشکاندووە،" کە 27ـیان لە ئاسمانی هەرێمی ساراتۆڤ و 15ـیان لە هەرێمی سامارا بوون.
 
ئەم ساڵ سێ خولی دانوستانی راستەوخۆ لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا لە ئیستەنبووڵ، تەنیا گۆڕینەوەی دیلەکانی لێکەوتووەتەوە. رووسیا لەسەر داواکارییە تووندەکانی سوورە، لەنێویاندا کە ئۆکراینا بەتەواوی دەستبەرداری هەرێمی دۆنباسی رۆژهەڵات بێت، کە هێشتا بەشێکی لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدایە.
 
کیێڤ دەستبەرداربوونی لە خاکەکەی رەتکردووەتەوە و دەیەوێت هێزی ئەورووپی وەک هێزێکی ئاشتیپارێز لە ئۆکراینا جێگیر بکرێت، کە مۆسکۆ بە کارێکی قبووڵنەکراوی دەزانێت.